مەلا بەختیار پلانی جێگرەوەی ڕیفراندۆم ئاشکرا دەکات

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پلانی جێگرەوەی ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند و ئاشکرایکرد پلانی جێگرەوەیان جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور و دەستپێكردنی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی هەمەلایەن بەڵام بەوەش گەشبین نین.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق-ی ئێرانی سەبارەت بەوەی كە ئایا دژایەتی ئێران بۆ ریفراندۆم لە سنوری ئێستایدا دەمێنێتەوە یاخود هەنگاوی كردەكی بەدوادا دێت وتویەتی كە ئەوەندەی زانیارییان لەسەر ئێران هەبێت ئەو دوا بڕیاری ئێرانە و لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییشەوە دەرچوە.

ڕاشیگەیاندووە”ئێمە پێمانوایە دەبو ئێران بەر لەو بڕیارە لەگەڵ ئێمەی كورد قسەی دەكرد، عەبادی پێشتر هاتۆتە ئێران و نیگەرانییەكانی زیاتر كردوە، ئەو یەك لایەنی چیرۆكەكەیە، لایەنەكەی دیكە ئێمەی كوردین. پێویست بو بەر لەو هەڵوێستە، ئێرانییەكان لەگەڵ ئێمە دادەنیشتن و بۆچونی ئێمەشیان گوێ لێ دەبو، سیاسەت تاكلایەنە نییە”.

ڕاشیگەیاندووە كە دەنگی بەڵێی هاوڵاتیان بۆ ریفراندۆم بە واتای دەستبەجێ راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە.رەتیشیكردۆتەوە كە پرسی دروستكردنی هەرێمێكی سەربەخۆ لە كەركوك لەئارادا بێت و لە سەردانەكەشیاندا بۆ ئێران هیچ شتێكی لەو جۆرەیان باس نەكردوە.

وتوشیەتی كە پێشمەرجی ئەوان بۆ ریفراندۆم ئەوەیە كە یەكڕیزی لە هەرێمی كوردستان هەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە كە لە ئەگەر ئەنجامنەدانی ریفراندۆمدا پلانی جێگرەی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە مادەی 140 دەستوری عێراق جێبەجێ بكرێت و ناوچە جێناكۆكەكان بگەڕێنرێنەوە سەر هەرێمی كوردستان و هەروەها گفتوگۆیەكی نوێی لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی هەمەلایەنی نێوان بەغدا و هەولێر بێتەكایەوە كە هەمو بوارەكانی سیاسەت و ئابوری و حوكمڕانی و … بگرێتەوە.



PM:05:24:29/07/2017