عەبدولستار مەجید بۆ ڕووداو: لەگەڵ نەخێردا نیم بۆ ڕیفراندۆم
عەبدولستار مەجید بۆ NRT: داوا دواخستنی ڕیفراندۆم دەکەم

عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیلە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕووداو ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە لەگەڵ ئەوە نین بە خەڵك بڵێن بە نەخێر دەنگ بدەن و دەشڵێت پشگیری دەوڵەتی کوردستان دەکات، بەڵام لە ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاندووە لەگەڵ دواخستنی ڕیفراندۆمدایە و دەڵێت ئەگەر هەیە نرخی کیلۆیەک تەماتە بگاتە ٥٠٠٠ دینار.

ماڵپەڕی ڕووداو نوسیویەتی "سەرکردەیەکی باڵای کۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی بایکۆت یان بەشداریکردنیان لە گشتپرسی دەڵێت: باسی هیچ ئەگەرێكمان نەكردووە، بەڵام هەر نابێ لەگەڵ دەنگی نەخێر بین، لەگەڵ ئەوە نین بە خەڵك بڵێن بە نەخێر دەنگ بدەن، عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی كە وەزیری كشتوكاڵیشە، پشتگیریی گشتپرسی و سەربەخۆیی دەكات، بەڵام بە میكانیزمێكی دیكە".

ئومێدیشی خواستووە كە پرۆسەكە بەرە بەرە گشتگیر بێت و بەرەو بەشداریی هەموو لایەنەكان بڕوات.

بەڵام هەر ئەمڕۆ لە هەواڵێکدا کە ئێن ئاڕ تی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت داوا دەکەن ڕیفراندۆم بۆ ماوەی ساڵێک دوا بخرێت تا ئەوان ئامادەکاری تەواوی بۆ بکەن.

هەروەها وتوشییەتی ئەگەر ئامادەکاری نەکەن پێدەچێت لە کاتی ڕیفراندۆمدا نرخى سەوزە و خواردنەکان بەرزبێتەوە بە جۆرێک کیلۆیەک تەماتە ئەگەری هەیە نرخی بگاتە پێنج هەزار دینار، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەک وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستییان بە پاڵپشتی هەیە.



PM:05:45:07/08/2017