پارتی و یەکێتی رێککەوتنێکی نوێ واژۆ دەکەن

پارتی و یەکێتی، بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێکی نوێ لەسەر بنەمای مادەکانی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان و نەخشەڕێگەکەی یەکێتی، لیژنەی باڵا پێک دەھێنن.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی فەرمیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رۆژنامەی "باس"ی وتووە: بابەتی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ پارتی، کە لەسەر بنەمای رێککەوتنی ستراتیژی و نەخشەڕێگەکەی یەکێتی دەبێ، ئێستا لە قۆناغی گفتوگۆدایە و لە ئاستی باڵا دانیشتنی لەبارەوە کراوە، بۆ پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش، بۆ دیاریکردنی مادەکانی.

وتیشی: "مادەکانی پێشوو ئەوەی بۆ ئەم قۆناغە ببێت لە رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ دانانی ماددەی نوێی دیکە، بەپێی پێویستی قۆناغەکە لە نەخشەڕێگەی یەکێتی، دەبن بە رەشنووسی رێککەوتنە نوێیەکە، ئەوەش بەو مانایە نا کە مادەکانی دیکە پشتگوێ دەخرێن، بەڵکوو ئەوانیش بەپێی پێویستییەکانی رۆژەڤ نوێ دەکرێنەوە.

وتیشی: "ئەو رێککەوتنە نوێیەمان لەگەڵ پارتی، ھیچ کاریگەریی لەسەر رێککەوتنی ئێمە لەگەڵ گۆڕاندا نابێ، چونکە دوو رێککەوتنن بۆ دوو قۆناغی جیاواز و لەگەڵ دوو حزبی جیاواز بۆ مەبەستی جیاواز، گرێ دراون”.

رێککەوتننامەی ستراتیژیی پارتی و یەکێتی رۆژی ٢٧ی تەموزی ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن ھەردوو سەرکردەی باڵا (مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی)یەوە ئیمزا کرا، بەپێی رێککەوتنەکە پارتی و یەکێتی لە حوکمڕانیی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان بوون بە ھاوبەشی یەکتر.



AM:09:56:15/08/2017