کۆبوونەوەی گۆڕان و پارتی کۆتاییهات

کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی گۆڕان و پارتی کۆتایی هات و وتەبێژی پارتی ڕایدەگەیەنێت "پاکێجێکی 6 خاڵیمان داوەتە گۆڕان".

مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى لە دواى کۆبوونەوەى شاندەکەى پارتى لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا
پاکێجێکى ٦ خاڵییان داوە بە بزووتنەوەى گۆڕان و چاوەڕێى وەڵامى بزووتنەوەى گۆڕانن.


مەحمود محەمەد لەبارەى ٦ خاڵەکەى حزبەکەى بۆ بزووتنەوەى گۆڕان وتى خاڵەکان بریتین لە:

یەکەم: ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان گۆران و پارتى

دووەم: ئاساییکردنەوەى کارى پەرلەمانى دواى ئەوەى وەک پارتى مەرجەمانمان لابرد

سێیەم: پاڵپشتیکردنى پڕۆسەى ریفراندۆم

چوارەم: هەوڵدان بۆ پاڵپشتیکردنى حکومەت بۆ ئەوەى بژێوی خەڵک چاک بکات و ڕێگا بدۆزێتەوە بۆ ئەو کارە

پێنجەم: زەمینەیەکى لەباری سیاسی و ئیعلامی فەرهام بکەین بۆ ئەوەى هەلبژاردنەکان بە ئارامی و لەکاتى خۆیدا ئەنجام بدرێت

 

شەشەم: پەیوەندی بە چاکسازییەکانەوە هەبوو

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی پارتی گەیشتە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی دەستیپێکرد.

ئەندامانی شاندەکەی پارتی پێکهاتبوون لە، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی کە سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و هەریەک لە ئازاد بەرواری، مەحموود محەمەد، جەعفەر ئێمینکى، عیزەدین بەرواری و ڕێبوار یەڵدا.

شاندی گۆڕانیش پێکهاتبوون لە، عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، جەمال حاجی محەمەد ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، شۆڕش حاجی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، ئاسۆ مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان و ئاراس وەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان.




PM:05:11:21/08/2017