سلێمانی...هۆشداری دەدرێت لە بەنزینی کوالێتی خراپ

جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، ڕۆژانە بەنزینی كوالێتی خراپ بەبیانوی بەرزبونەوەی نرخی بەنزینەوە داخڵ دەكرێت و گومانیش دەكرێت بەرزكردنەوەی نرخ بۆ ئامانجی دیکەی لەپشتەوە بێت

رێكەوت زەكی، جێگری سەرۆكی لیژی وزە و سامانە سروشتیەكان لە ئەنجومەنی سلێمانی لە نوسینێکدا رایدەگەیەنێت "لەسەر دەستكاریكردنی خەسڵەتەكانی بەنزینی هاوردەكراو، لیژنەكەمان لیژنەی وزە لە ئـەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەماوەی 8 ڕۆژدا 2 جار بانگهێشتی بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانیمان كردووە، بۆ ئـەوەی لەبەردەم ئـەنجومەن ئـامادەبێت وەڵامی پرسیارو گومانەكانمان بداتەوە (هەڵبەت بەپێی یاسای ٣ ساڵی ٢٠٠٩)".

دەشڵێت"بەڵام ئـامادەی بەردەم ئـەنجومەن نابێت، ئـەمە جگە لەوەی پێشتر لیژنەكامان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكەی كرد بەڕێزیان ئـامادە نەبوو لەگەڵ لیژنەكەمان دانیشێت!".

رێكەوت زەكەی ئاماژە بەوەش دەكات، لەبری وەڵامی ڕەسمی ئـەو بەڕێوەبەرایەتیە خاوەن كۆمپانیاكانی كەسوتەمەنی هاوردە دەكەن پەیوەندیمان پێوەدەكەن! 

هەروەها دەڵێت"ئـایا ئـەو بێمنەتی و حساب نەكردنە بۆ ئـەنجومەن لەكوێوە هاتووە؟ لەبەر ئـەوەیە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پێی وتون ئـەنجومەنی پارێزگاش لاتانبدات ئـێمە دەتانهێڵینەوە؟ یان بەرپرسانی پشت ئـێوەو ئـەم بازرگانیە لەئـێمە بە هێزترن؟".

جێگری سەرۆكی لیژی وزە و سامانە سروشتیەكان لە ئەنجومەنی سلێمانی ئەوەش دەخاتە ڕوو"ڕۆژانە بەبەرچاوی ئـێمەوە بەنزینی كوالێتی خراپ بەبیانوی بەرزبونەوەی نرخی بەنزینەوە داخڵ دەكرێت (گومان دەكرێت بەرزكردنەوەی نرخ بۆ ڕەوایەتیدان بێت بەخراپی كوالێتی) ڕۆژانە بەبەرچاومانەوە ئـۆتۆمبێلی هاوڵاتی دەسوتێت، باسی پێكەوەنانی سەروەتی ناشەرعی دەكرێت".

لەبەرامبەر ئەوەشدا هۆشداری دەدات و دەڵێت"بۆیە لێرە بەدواوە هەموو ڕێگاكان لەبەردەم لیژنەكەمان كراوەیە بەوەرگرتنەوەی متمانە بەغیابی لە بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانیشەوە، ئـەگەر ئـەوە نەكرا لیژنەكەمان لەهۆڵی ئـەنجومەن مان دەگرێت بۆ ئـەوەی هەموو خاوەن ویژدانێك بەتەنگ ژیان و تەندروستی هاوڵاتیانی سلێمانی و گێڕانەوەی شكۆی ئـەنجومەنەوە بێت، ئەگەر ئـەوەشمان پێنەكرا كاری لیژنەكمان هەڵدەپەسێرین".

داواش دەكات لەسەرۆكایەتی ئـەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، تاوەكو بەلاداخستنی ئـەم پرسە كۆبونەوەی ئـەنجومەن لەسەر هیچ بابەتێكی دیكە نەكات.



PM:07:37:28/08/2017