پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ دەکەن

وتەبێژی پارتی باس لە رێكەوتنی ستراتیژی نێوان پارتەكەی‌و یەكێتی دەكات‌و پێیوایە دوای پرۆسەی ریفراندۆم هەر دوو لا رێكەوتنێكی نوێ واژۆ دەكەن.

مەحمود محەمەد  وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ  ھەفتەنامەی (باس) ڕایگەیاند: "ئامانجی سەرەکی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گرفتەکانی ئێستایە،‌ بۆیە جارێکی دیکە پەرلەمان پەکی ناکەوێتەوە". گوتیشی: "پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ دەکەن".

سەبارەت بە رێكەوتنی ستراتیژی پارتی‌و یەكێتی دەڵێت: ئێستا پارتی و یەکێـتی ڕێککەوتنی ستراتیژی لەنێوانیاندا ھەیە، بێ گومان ئەو ڕێککەوتنە دەستکەوتی باشی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ھەبووە، ئێستاش کۆمەڵێک گۆڕانکاریی نوێ ھاتووەتە پێشەوە، بێ گومان پێویستە پێداچوونەوەیەک بەو ڕێککەوتنەدا بکەین، بۆ ئەوەی خاڵەکانی ناو ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستادا بگونجێنین، بەڵام ڕای زۆرینە لەناو یەکێتی و پارتی ئەوەیە کە ئێمە ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەین، بێ گومان لەگەڵ یەکێتی ھەندێک خاڵمان دیاری کردووە بۆ ئەوەی دوای ڕیفراندۆم ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەین.



AM:11:10:19/09/2017