لەبارەی سیستمی پاشەکەوتی موچەوە بڕیاردرا

سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرایدەكات حكومەت و پەرلەمان لەسەر چاككردنی سیستمی مووچەو نەهێشتنی پاشەكەوت ڕێککەوتوون و راشیدەگەیەنێت "حكومەت میكانیزمێك بۆ دانەوەی پاشەكەوتەكان دادەنێت".

د.شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پەرلەمان و حكومەت، بڕیاریدرا لیژنەكان ئامادەكاری بكەن بۆ كۆبونەوەی داهاتووی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچەو دامەزراندنی سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان بۆ شەفافیەت و وردبینیكردن و كۆنترۆلكردن و ئاراستەكردنی داهاتی نەوت و گاز بۆ بوژانەوەی كوردستان.

وتیشی: هەروەها لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت دەكەن بۆ دیاریكردنی كاتێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی موچەو میكانیزمێكی روونیش لەلایەن حكومەتەوە دابنرێ بۆ چۆنیەتی دانەوەی بڕی پاشەكەوتەكە.

د. شێركۆ جەودەت ئاشكراشیكرد، هەروەها بڕیاردراوە دوای رێككەوتنی لیژنەكانی حكومەت و پەرلەمان و ئامادەكردنی دوو پرۆژە لەوبارەیەوە، دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی".

بەر لە کۆبوونەوەکەش شوان قەڵادزەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لەبارەی پرۆژەکەوە ڕایگەیاند "ناوەرۆكی پرۆژەكە بۆ حكومەت بەو جۆرەیە كە لەگەڵ موچەیەك بڕێك پاشەكەوت كە 10%ی بڕی پاشەكەوتكراوە لەماوەی دوو ساڵدا مانگانە بدرێتەوە بە فەرمانبەران، هەروەها چوار موچەی بڕدراوی ساڵی 2015ش لەو چوارچێوەیەدا بدرێتەوە بە فەرمانبەران".

بە وتەی ناوبراو بەشێكی دیكەی پرۆژەكە بەو جۆرەیە كە "كرێی خوێندن و پێشینەی خانوبەرە و كرێی ئاو و كارەبا و لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەو پاشەكەوتە سودی لێ وەربگیرێت".



PM:04:47:20/09/2017