بارزانی: ناگەڕێینەوە بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوو

بارزانی لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی ڕیفرندۆم لە هەولێر ڕایگەیاند "بڕیاری ڕیفراندۆم لە دەستی من و حزبەکان دەرچووە و لە دەستی خەڵکدایە، وتیشی "ناگەڕێینەوە بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوو، ئامادەین بۆ گفتوگۆ بەڵام دوای ٢٥ی ئەیلول".

ئێوارەی ئەمڕۆ 22ی ئەیلول لە یاریگای فرانسۆ هەریری بارزانی لەمیانەی وتارێکیدا لە کەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستاندا داوای لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دوای ٢٥ ی ئەیلول بێن و گفتوگۆ لەسەر هەموو بابەتێک دەکەن، وتیشی "ئامادەنین گفوگۆ لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان بکەن لەسەر بناغەی سنووری هەرێم لە ساڵی ٢٠٠٣ دا".

دەشڵێت "داواکردنی کشانەوە لە بڕیاری ڕیفراندۆم لە دەستی کەس و حزبەکاندا نەماوە و لە دەستی میللەتدایە و ئەو داوایەش بۆ شکاندنی کەرامەتی گەلی کوردستانە و خۆی شەرمەزار ناکات لە بەرامبەر بە میللەتدا".

بارزانی وتیشی، "ئەوانەی لە بەغدا حوکم دەکەن تەنها دەموچاویان گۆڕاوە و هەمان بیروبۆچوونی پێشووتریان هەیە و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا کام لایەنە زیاتر دژی کورد بێت لە عێراقدا زیاترین دەنگ دەهێنێت و چیتر کورد ناتوانێت لەگەڵ ئەو کەسانەدا بژی".

لە وەڵامی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کورد سوور دەبێت لەسەر جەنگی دژی داعش و لە پرسی پەنابەرانیشدا داوای لە خەڵک کرد ئاوارەکان بپارێزن و وتیشی، ڕێگە نادەن هیچ گرفتێک بۆ ئاوارەکان دروست بکات.

سەبارەت بە سیستمی ئەو وڵاتەی کورد دەیەوێت بنیاتی بنێت بارزانی ئئاماژەی بەوەدا کە دەیانەوێت دەوڵەتێکی دیموکراتی پەرلەمانی فیدراڵی بنیات بنێن کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.

بارزانی لەبارەی هەڕەشەکانی سزادانی هەرێمی کوردستانەوە وتی "ئەرێ ئەوانەی سزامان دەدەن ماوەی ١٠٠ ساڵە تێر نەبوون لەوەی سزامان بدەن، ئەگەر دەشتانەوێت سزامان بدەن وەرن من سزا بدەن".

بڕیارە ڕۆژى ٢٥ى ئەیلولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى لە هەرێمى کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکانى کوردستان لە دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بەڕێوە بچێت.



PM:05:52:22/09/2017