نوسینگەی عەبادی ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

نوسینگەى  سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕەتیدەکاتەوە دەستگرتن بە سەر خاڵە سنورەییەکاندا بۆ  برسیکردن و گەمارۆدانى هاوڵاتیانى هەرێمی کوردستان بێت و دەڵێت "ڕێگرتنە لە بەقاچاغبردن و ئەنجامدانى گەندەڵی".


ئەمڕۆ ٢٩ی ئەیلول، نوسینگەى  حەیدەر عەبادى، سەرۆک وەزیرانى عێراق  ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و  ڕایگەیاند "کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنوریى و ئاسمانییەکانى هەرێم بۆ برسیکردنى هاوڵاتیانى هەرێم و ئابڵوقە خستنە سەر هاوڵاتیان نییە وەک هەندێک لە بەرپرسانى هەرێم بانگەشەى بۆ دەکەن".

نوسینگەى عەبادى ڕاشیگەیاندووە، ڕێوشوێنەکان تەنیا بۆ چاودێریکردنى هاتن و چوونى هاوڵاتیان و شتومەکە لە لایەن حکومەتى فیدراڵییەوە بۆ ڕێگرتنە لە بەقاچاغبردن و ئەنجامدانى گەندەڵى .

ئاماژەى بەوەشکردووە ، گەشتە ناوخۆییەکان بە فڕۆکە بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەى فڕۆکەخانەکان دەخرێنە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵییەوە.

نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕاشیگەیاندووە، ڕێوشوێنەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دەستورى و یاسایین و لە بەرژەوەندى هاوڵاتیانى هەرێم و ناوچەکانى دیکەدان.

ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەگەر تا سێ ڕۆژی تر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی بەغداوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو فڕۆکەخانانە قەدەغە دەکرێت.



PM:03:39:29/09/2017