حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستی خۆی لەسەر راگەیەندراوەکەی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکان راگەیاندوو، دەڵێت،
پێشوازی لێدەکەن.
دەقی راگەیەندراوی حکومەتی ھەرێم
ڕۆژی ھەینی ٢٠/١٠/٢٠١٧ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
بەیاننامەیەکی بە ناوی حکوومەتی ئەمەریکاوە لەبارەی بارودۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان و
گرژی و پێکدادانەکانی نێوان پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراقی لە پردێ بڵاو کردووەتەوە و
تیایدا بەمەبەستی ڕاگرتنی گرژییەکان کە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەنێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی عێراقیدا
ڕووی داوە، ھانی ھەردوولا دەدات بکەونە گفتوگۆ.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکات، ھەروەھا پێشوازی لە دەستبەجێ ڕاگرتنی گرژی و پێکدادانەکانی
نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراقی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات و ڕەزامەندیشە
کە ڕاگرتنی شەڕ و گرژی بە ھەماھەنگیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق و ھێزی
ھاوپەیمانان ئەنجام بدرێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی
کێشەکان پێشوازی لە دەستپێکردنی دانوساندن لەگەڵ بەغدا دەکات بە زووترین کات و لە چوارچێوەی
دەستووری عێراقی و بەبێ ھیچ پێشمەرجێک.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠/١٠/٢٠١٧