لاهوری شێخ جەنگی: لەماوەی دوو مانگدا کۆنگرە دەبەستین

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری، لاھور شێخ جەنگی رایگەیاند" لەماوەی دوو مانگدا کۆنگرە دەبەستن و تەواوی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بەکۆمەڵێک گەنج‌و خوێنی تازە نوێ دەکەنەوە".

 ئێوارەی دوێنێ ٢٢ی تشرینی یەکەم لە کۆبونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنوس لەشاری سلێمانی رایگەیاند" "لای ئێمە جێگەی قبوڵکردن نیە سەعدی پیرە بەناوی یەکێتیەوە لێدوان بدات، ئەو سەردەمە تەواو بوو چیتر رێگە نادەین چەند کەسێکی بێ دەسەڵات و کەمینە یەکێتی بکەن بەکلکی پارتی”.

 ناوبراو وتیشی " من یەکێکم لەو کەسانەی پشتگیری لەلامەرکەزیەت ئەکەم و حکومەتی ئێنتقالی بەچارەسەرێکی گونجاو دەزانم لەبەرئەوەی تاکە چارەسەر بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە ئەوەیە حکومەتی ئێنتقالی لەو کەسانەی ناو حیزبەکان پێکبھێنرێت کە بانگەشەیان بۆ ریفراندۆم نەکرد بۆ ئەوەی بچەنە بەغداو لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکەن”.

لە درێژەی قسەکانیدا لاهوری شێخ جەنگی وتی ""ئەنجومەنی پاراستنی ئاسایش ھیچ رۆڵێکی نیە مەسرور بارزانیان کردوە بەسەرۆکی و پارەیەکی زۆری لەحکومەتی ھەرێم بۆ تەرخان دەکەن، کردویانە بە پاراستنی دووەم و بۆ بەرژەونەدیەکانی خۆیان بەکاریدەھێنن”.

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ھیچ ریکەوتنێکیان لەگەڵ عێراق نەکردوە تەنھا پێشنیازیان کردوە ھێزەکانی ھاوپەیمان بچەنە سەربازگەی کەیوان لەکەرکوک، ئەو وتی "کۆبونەوەکەی دوکان لەگەڵ پارتی بۆ ئەوە بو کە پارتی‌و یەکێتی لەسەر ئەم پێشنیازە رازی بن، بەڵام مەسعود بارزانی لە کۆبونەکەدا وتبوی حکومەتی عێراق تەنھا ھاشوھوش دەکات و ناتوانن ھێرش بکەن”.
لاھور وتیشی "پێش ھێرشەکان بە بەردەوامی لەگەڵ برێت ماکگۆرگ لەسەر خەت بوین و پێوتین شەر لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق مەکەن، چونکە ئەوەی یەکەم تەقە بکات ئەو تاوانبارە”.

ناوبراو باسی لەوەش کرد ئەوەی رویدا ھیچی کەمتر نیە لەئاشبەتاڵی ١٩٧٥و بەداخەوە راوێژکارەکانی مەسعود بارزانی میلەتیان گەیاندە ئەم حاڵە.



PM:03:30:23/10/2017