وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی لەڕێگەی زانکۆلاینەوە ڕاگەیەند.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ سپی نێردراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت" بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان دا حەوت هەزار و ٧٣ خوێندکار لەڕێگەی (زانکۆلاین) وەرگیران.
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" ئەمساڵ دەرچووانی خولی یەکەم و دووەمی قۆناغی (١٢)ی ئامادەیی لە ڕێگەی (زانكۆلاین)ەوە فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كرد، بۆ ئەمەش حەوت هەزار و ٧٣ خوێندکار لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بەڕێگەی (زانکۆلاین) بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) وەرگیران، جگە لەوەش ١٨ هەزار و ٤٣٧ خوێندکاری دیکە بەڕێگەی سیستمی ڕاستەوخۆی زانکۆیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون".
لەکاتژمێر ٨ی ئەمشەوەوە لەڕێگەی ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی www.regayzanko.com بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ بڕكردبوەو، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، پێنج رۆژ دیاریکراوە بۆ تانەگرتن و سکاڵا، لەهەمان کاتدا داواش لە خوێندکاران دەکەین پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیان لێ هاتۆتەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان دەستکردن بە پرۆسەی خوێندن.
هاوکات ئەوەشی وتووە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران لە ڕێگەی (زانکۆلاین) بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان، لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی یەک هەفتە دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەتوانن داواکاری لە تۆماری کۆلێژ و پەیمانگەکان بۆ خوێندن بەشێوەی پارالێل پێشکەش بکەن.