سەنتەری میترۆ ئیدانەی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس ئەركان شەریف دەكات

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت: تیرۆركردنی رۆژنامەنووس ئەركان شەریف زنجیرەیەكە لە تاوانەكانی دەسەڵاتی عەسكەری و میلیشیایی كە لە ناوچەكانی پارێزگای كەركوك ئەنجام دەدرێت و حكومەت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لێ دەپۆشێت.

كاروان ئاكرێی بەڕێوەبەری گشتی كەناڵی كوردستان TV بە سەنتەری میترۆی راگەیاند: زانیارییە سەرەتاییەكانی لای ئێمە ئەوەیە كە چەند كەسێكی دەمامكدار چونەتە سەر ماڵی وێنەگرەكەمان و تیرۆریان كردوە.

هەروەها وتییشی: ئێستا سەرقاڵی كۆكردنەوەی وردەكاری ئەو تاوانەین كە بەرامبەر كارمەندەكەمان كراوە و پاشان زانیاری دروست بۆ رای گشتی رادەگەیەنین و بە پێی وتەی‌ چەند شایەتحاڵێك ئەركان بە حەربەی عەسكەری كوژراوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان لەسەر ڕوداوەكە رایدەگەیەنێت: تیرۆركردنی رۆژنامەنووس ئەركان شەریف زنجیرەیەكە لە تاوانەكانی دەسەڵاتی عەسكەری و میلیشیایی كە لە ناوچەكانی پارێزگای كەركوك بەرامبەر خەڵكی مەدەنی ئەنجام دەدرێت و حكومەت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لێ دەپۆشن.

 میترۆ وێڕای سەرەخۆشی لە خێزان و هاوكارانی لە كوردستان تیڤی ئەم تاوانە شەرمەزار دەكات و داوا لە رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ دەكات تیمەكانیان بنێرنە ناوچەكانی كەركوك تا بە چاوی خۆیان قەبارەی ئەو تاوانانە ببینن كە میلیشیاو سوپای عێراق بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل ئەنجامی دەدەن.



PM:12:45:30/10/2017