بارزانی: سیاسەتی هەرێم چارەسەركردنی كێشەكانە بەشێوەیەكی ئاشتییانە

مەسعود بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵوێزی ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە عێراق ڕایگەیاند "گەلی كورد لەگەڵ خوێنڕشتن نییە"، هەردوو باڵوێزەكەش نیگەرانی خۆیان لە گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان بەغدا و هەولێر ڕاگەیاند

ئەمڕۆ دووشەممە 30ی تشرینی یەكەمی 2017، لە پیرمام، مەسعود بارزانی لەگەڵ سیریل نان، باڵیۆزی ئەڵمانیا و بروونۆ ئۆبێرت، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق كۆبووەوە، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عیراق و كوردستان و دوایین گۆڕانكارییەكان و هێرشی هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عیراق بۆ سەر كوردستان تاوتوێكراوە. 

بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە "باڵیۆزانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە عیراق وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان بەرامبەر گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە بارزانییان راگەیاندووە كە هەڵگری پەیامی دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەشی وڵاتەكانیانن بۆ خەڵكی كوردستان.

هەر لە دیدارەكەدا هەردوو باڵیۆزی ئەڵمانیا و فەرەنسا جەختیان لە بایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە و راشیگەیاندووە، لە نزیكەوە چاودێریی بارودۆخەكە و هەموو جۆرە رێككەوتن و دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەن و هیوایان خواستووە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەربكرێن.

لەبەرامبەردا بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیا و فەرەنسای كردووە و بارودۆخی مەیدانی و دوایین پێشهاتەكان و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندەكە باسكردووە.

پەیوەست بە گرژی و پێكدادانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بارزانی رایگەیاندووە: "سیاسەتی هەرێم دیالۆگ و گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانە بەشێوەیەكی ئاشتییانە، بەڵام ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە زمانی شەڕ و هەڕەشە و خۆسەپاندن و شكاندنی كەرامەتی گەلی كوردستان، ئەوا خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بە هەموو توانایەك بەرگری لە كەرامەت و شكۆی كوردستان دەكەن".

بارزانی ئیجرائات و شەڕفرۆشتنی حكومەتی عیراق و میلیشیاكانی بە نایاسایی و نادەستووری وەسفكردووە و رایگەیاندووە، بەپێی دەستوور بەهیچ شێوەیەك نابێ هێزی سەربازی بۆ ناكۆكی سیاسی و لەدژی گەلی كوردستان بەكاربهێندرێت. 

بارزانی جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە گەلی كورد لەگەڵ خوێنڕشتن نییە و لە چەند رۆژی رابردوودا پێشڕەوی و نییەتی خراپی حكومەتی عێراق وایكرد پێشمەرگە بەرگری بكات و شەڕ بكات.




PM:03:33:30/10/2017