ڕووداوێكی تەقەكردن لەناو بازاڕی سلێمانی قوربانی لێكەوتەوە

لەبەر دەركی سەرای سلێمانی كەسێك دەستڕێژی گولەی بەناو هاوڵاتیاندا كردو وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت، "تەقەكەرەكە لەهێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراوە"

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە"سپی میدیا"ی ڕاگەیاند، "كەمێك لەمەوبەر لەبەردەركی سەرا هاولاتیەك لەناو بازاڕی شاری سلێمانی دەستڕێژی گولەی بەناو هاوڵاتیاندا كردوە و بووەتە هۆی برینداربونی  سێ هاوڵاتی".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاشكراشیكرد ئەو تۆمەتبارەی تەقەكانی كردوە لەگەڵ یەكێك لەبریندارەكان كێشەی هەبوە.

زیاتر وتی "یەكێك لەبریندارەكان لەماوەی ڕابردودا تەقەی لەبرایەكی تەقەكەرەكەی ئەمڕۆ كردوە و تەقەكەرەكەی ئەمڕۆش ویستویەتی تۆڵەی براكەی بكاتەوە و سەرەتا بۆتە دەمەقاڵەیان و دواتریش شەڕ لەنێوانیان دروستبوەو تۆمەتبارەكەش تەقەی كردوە".

سەركەوت ئەحمەد وایین زانیاریشی لەبارەی ڕووداوەكەوە دا و وتی "هێزەكانی پۆلیس توانیویانە تەقەكەرەكە دەستگیربكەن و دەستبەسەر چەكەكەیدا بگرن، بریندارەكانیش بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی گوازراونەتەوە و باری تەندروستیشیان جێگیرە و وتەیان وەرگیراو"ە.



PM:02:42:07/11/2017