عەبادی: پابەندین بەپێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

سه‌رۆكی وه‌زیرانی عیراق شه‌ڕی داهاتووی حكومه‌ته‌كه‌ی ئاشكراده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت "شه‌راكه‌تی نێوان هه‌ندێك خه‌ڵكی گه‌نده‌ڵكار و ئه‌وانه‌ی نه‌وتی كوردستان به‌قاچاغ ده‌فرۆشن ئاشكراكردووه‌".


ئه‌مڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی دووه‌م، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌میانی وتاری هه‌فتانه‌یدا كه‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق به‌ڕێوه‌چوو، رایگه‌یاند "شه‌راكه‌تی نێوان هه‌ندێك خه‌ڵكی گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌وانه‌ی نه‌وتی كوردستان به‌قاچاغ ده‌فرۆشن ئاشكراكردووه‌".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وتیشی "شه‌ڕی داهاتوومان له‌گه‌ڵ كه‌سانی گه‌نده‌ڵكار ده‌بێت".

عەبادی لەبارەی بڕیاری دادگای فیدرالیشەوە ڕایگەیاندووە "بڕیاری‌ دادگا سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆم له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كان جێبه‌جێ ده‌بێت".

عه‌بادی پابه‌ندبوونی عێراقی به‌ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی هه‌رێم نیشاندا، هاوكات ره‌خنه‌شی له‌ ژماره‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم گرت و رایگه‌یاند "  تائێستا ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر وردبینیدایه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌و ژمارانه‌ ناته‌ندروسته‌و پێداچوونه‌وه‌ی پێدا ده‌كرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، فراوانبوونی هه‌رێم، به‌ سوودوه‌رگرتن بووه‌ له‌ قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كانی عیراق.

ئاماژەی بەوەشداوە تائێستاش حكومه‌تی عیراق نه‌وت بۆ پاڵاوتگه‌كانی هه‌رێم ده‌نێرێت و له‌مانگی رابردووش، 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی عیراق له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه‌ هه‌نارده‌ كراوه‌.




PM:06:38:07/11/2017