پارەی ژمارەیەك بەرپرسی هەرێم بلۆك دەكرێت

لە پەرلەمانی عێراقەوە هەوڵێك هەیە بۆ ئامادەكردنی لیستێك لە ناوی بەرپرسانی هەرێم بە تۆمەتی بەقاچاغبردنی نەوت بە مەبەستی بلۆككردنی پارەكانیان لە بانكەكانی وڵاتانی دەرەوە ‌‌و گەڕاندنەوەی بۆ خەزێنەی بەغدا.

رۆژنامەی "ئاژانس" لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویكردەوە، "بە پێی بەڵگەنامەیەكی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق،‌ لە 1ی ئەم مانگەدا سەمیرە موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعە ئیمزای 69 پەرلەمانتاری كۆ كردووەتەوە بۆ داواكردن لە توركیا و ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا بۆ بلۆككردنی پارەی ئەو بەرپرسانەی هەرێمی كوردستان، كە بە پێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە دەستیان لە بەقاچاغبردنی نەوتدا هەبووە".

بە ‌پێی بەڵگەنامەكە ئەو داواكارییە بۆ ئەوەیە كە ئەو پارانە بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی عێراقی و پاڵپشت بێت بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. 

جاسم بەیاتی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق كە نزیكە لە حەیدەر عەبادیی سەرۆك وەزیرانەوە بە رۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە "ئەو پێشنیارە نێردراوە بۆ لیژنەی دارایی و یاسایی تا بڕیارێكی لە بارەوە دەربكرێت و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و دواتریش ئاڕاستەی دادگا دەكرێت بە مەبەستی دەركردنی بڕیاری بانگهێشت و دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە لە بەقاچاغبردنی نەوتەوە گلاون و دواتریش حكومەت ڕێوشوێنی خۆی دەگرێتە بەر".

جاسم بەیاتی وتیشی "لەو لیستەدا چەندین بەرپرسی هەرێمی كوردستانی تێدایه،‌ لەوانە مەسعود بارزانی و هەندێك لە كوڕەكانی‌ و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان و ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك و كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی".

بەیاتی ئاشكراشی كرد كە لە ئێستادا حكومەتی عێراقی دەستی كردووە بە هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی هەشت ملیار دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم لە; توركیا‌، ئەوە جگە لەوەی لێكۆڵینەوە لە 10 ملیۆن دۆلار دەكات كە وەك بودجەی پترۆدۆلار دراوە بە پارێزگاری كەركوك.

ئەو هەنگاوە لە پاش ئەوە دێت كە لە 27-9دا و دوو ڕۆژ دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان عەبادی ڕایگەیاند كە وەزیری دوورخراوەی دارایی هەرێمی كوردستان ئاگاداری هەژماری پارەی هەناردەی داهاتی نەوتی هەرێم نییە و چەندین ڕێژەی زۆری نەوتی كەركوكیش فرۆشراوە بەبێ ئەوەی داهاتەكەی دیار بێت و داواشی لە دیوانی چاودێری دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر كرد كە لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیەدا بكەن.



AM:11:59:08/11/2017