عەبادی فەرمان دەدات چاودێری ووردی بەنداوی دەربەندیخان بکرێت

سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمان دەدات، كە چاودێری وردی بەنداوی دەربەندیخان بكرێت و بڕیاریشی داوە ڕێوشوێنەكان بۆ ڕێگری لە زیادەڕۆیی ئاو لە پارێزگاكان بگیرێتە بەر.

 


نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتمانی بۆ ئاو كردووە و فەرمانی داوە بە وردی چاودێری بەنداوی دەربەندیخان بكرێت و گفتوگۆش كراوە لەسەر كاریگەری بوومەلەرزەكەی شەوی ڕابردوو لەسەر بەنداوە ئاوییەكان و لەو بارەیەشەوە لێكۆڵینەوەیەكی تەواو لەسەر ئەو كاریگەریانە پێشكەش كرا.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، جەختكراوەتەوە لەسەر ئەوەی دۆخی بەنداوەكان باشە و هیچ مەترسییەكیان لەسەر نییە، بڕیاریش درا بە وردی چاودێری بەنداوی دەربەندیخان بكەن بۆ پاراستنی سەلامەتی ئەو بەنداوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پاشەكەوتی ئاو و سیاسەتی ئاوی بۆ قۆناغی داهاتوو كراوە و بڕیاریش دراوە بە گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو لە پارێزگاكان.

شەوی رابردوو بومەلەرزەیەك بە گوڕی ۷.۳ ڕێختەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند زیانی زۆری گیانی و مادی لێکەوتەوە.



PM:04:13:13/11/2017