ئایا وەزیری دادی حکومەتی هەرێم هەڵهاتووە بۆ دەرەوەی وڵات؟

وەزیری دادی حکومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتێکی کەناڵی " الحدپ" دەداتەوەو دەڵێت " من هەڵنەهاتووم و داوای یاساییتان لەسەر تۆمار دەکەم".

لە روونکردنەوەیەکدا کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، هاتووە " وای ئەوەی لە ھەندێك كەناڵی ناوخۆییەوە زانیاری نادروست لەسەر ھۆكارەكانی سەفەركردنی بەڕێز وەزیری دادی ھەرێمی كوردستانی عێراق – سنان چەلەبی بڵاوكرایەوە، لە رۆژی شەمە 11/11/2017 رونكردنەوەیەكمان بڵاوكردەوە و تیایدا ھۆكارە دروستەكانمان خستەڕوو، بەڵام دواتر لە كەناڵی " الحدپ "  راپۆرتێك بەناونیشانی "بەرپرسە ھەڵاتووەكانی ھەرێم" بڵاوكرایەوە كە تیایدا كۆمەڵێك زانیاری نادروست و ناڕەوای لەخۆ گرتبوو، بەتایبەت لە بارەی بەڕێز وەزیری داد".

دەقی روونکردنەوەکە..

روونكردنەوەیەك لە وتەبێژی وەزارەتی داد بۆ رای گشتی و كەناڵەكانی راگەیاندن 
وای ئەوەی لە ھەندێك كەناڵی ناوخۆییەوە زانیاری نادروست لەسەر ھۆكارەكانی سەفەركردنی بەڕێز وەزیری دادی ھەرێمی كوردستانی عێراق – سنان چەلەبی بڵاوكرایەوە، لە رۆژی شەمە 11/11/2017 رونكردنەوەیەكمان بڵاوكردەوە و تیایدا ھۆكارە دروستەكانمان خستەڕوو، بەڵام دواتر لە كەناڵی " الحدپ "  راپۆرتێك بەناونیشانی "بەرپرسە ھەڵاتووەكانی ھەرێم" بڵاوكرایەوە كە تیایدا كۆمەڵێك زانیاری نادروست و ناڕەوای لەخۆ گرتبوو، بەتایبەت لە بارەی بەڕێز وەزیری داد، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم روونكردنەوە نوێیە بڵاوبكەینەوە:
1- بەڕێز سنان چەلەبی كەسایەتییەكی ناوداری ھەولێرو كوردستان و عێراقە و پێگەیەكی كۆمەڵایەتی وسیاسی بەھێزی ھەیە لە نێو كۆمەڵگەی ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی پێكھاتەی توركمان و لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەكان پەیوەندییەكانی لەوپەڕی باشیدایە و جێگەی رێزو تەقدیری ئەو لایەنانەیەی لە ئاستی كوردستان و عێراقیشدا رۆڵێكی نیتیمانی گرنگی ھەبووە لە بونیاتنانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێشخستنی بوارەكانی بازرگانی و پیشەسازی و ئابوری، لەبەرئەوە ھیچ پاڵنەرێك نییە ببێتە ھۆكار بۆ جێھێشتنی ھەرێمی كوردستانی عێراق.
2-ھۆكاری جێھێشتنی بەڕێز سنان چەلەبی وەزیری داد سەددەرسەد بەندە بە رەوشی تەندروستی بەڕێزیانەوە، كە لە دوا پشكنینینی ئاسایی پزیشكی لە كۆتاییەكانی مانگی ئابی رابردوو، دەركەوت كێشەیەكی تەندروستی ھەیە، بۆیە بە پێویستی زانی سەردانی ولاتی توركیا بكات تالەوێ پشكنینی پزیشكی زیاتری بۆ بكرێت، لەئەنجامدا دەركەوت بەڕێزیان پێویستی بە نەشتەرگەری پرۆستات ھەیە، لەبەرئەوەی كاك سنان بۆ خۆی نەخۆشی شەكرە شی ھەیە، ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە وا پێویستی كرد بۆ ماوەیەك لەژێرچاودێری تایبەتی و بەردەوامی پزیشكیدا بمێنێتەوە، بەمەبەستی ئاسایكردنەوەی رەوشی تەندروستی و لابردنی ئەو كاریگەرییە نەرێنیانەی كە نەخۆشی شەكرە بۆ نەشتەرگەریی دروستی دەكات، دواتر لە 30/10/2017  لە LIV HOSPITAL  - لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە، كە لەوبارەوە راپۆرتی پزیشكی دراوەتە بەڕێز سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كە تاییدا ئاماژە بەوە كراوە كە پێویستە بەڕێزیان بۆ ماوەی (45) رۆژ لە (7/11/2017 تا 22/12/2017 ) لەژێر چاودێری پزیشكیدا بمێنێتەوە ونابێت بە ھیچ جۆرێك ئامرازەكانی گواستنەوە بەتایبەت ئۆتۆمبێل بەكاربھێنێت، ئەوەش ھۆكارێكە بۆ مانەوەی بەرێزیان بۆ ماوەیەكی درێژ لە وڵاتی توركیا،رای گشتی دڵنیا دەكەینەوە كە دوای تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، وەزیری داد – سنان چەلەبی – بەزووترین كات بۆ ھەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوەو وەكو وەزیری دادی ھەرێمی كوردستانی عێراق لەكارەكانیدا بەردەوام دەبێت .
3-یەكێك لە تۆمەتە ھەرە ناشیرین و بێبنەماكانی كەناڵی " الحدپ" ئاماژەكردنە بەوەی كە بەڕێز وەزیری داد رۆڵی ھەبووە لە دەستگیركردنی كەسانێكی زۆر لەوانەی ئۆپۆزیسیێۆنی دوو پارتی گەورەی ھەرێمی كوردستان بوون، كە ئەوەش جگە لە تۆمەتباركردنێكی بێ بنەماو پووچ و دوور لە ئاكاری رۆژنامەوانی، ھیچی دیكە نییە، چونكە دادگاكان سەربە وەزارەتی داد نیین و سەربە ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی كوردستانن، بەڕێزیان ھیچ دەسەڵاتێكی لەوجۆرەی نییە كە بتوانێت خەڵك دەستگیربكات، ھەربۆیە وەزارەتمان ھەموو رێكارێكی یاسایی گرتۆتەبەر بەمەبەستی لێپێچینەوە لەگەڵ كەناڵی ناوبراودا كە لە ئێستادا وەزارەتی داد ئاگاداری سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كردووە بەمەبەستی جووڵاندنی داوای سزایی كە وەزارەت تیایدا لایەن دەبێت وەكو لایەنی دادخواز .



PM:04:49:16/11/2017