حكومەت لەبارەی وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك هاتە دەنگ

وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێم، راگرتنی بڕیاری وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك، رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت "بڕیارەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووەو لەهەموو پارێزگایەكیش جێبەجێ دەكرێت".


نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێم، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بڕیاری وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دراوەو لە ئایندەیەكی نزیكیشدا لە پارێزگاكانی هەرێم بەشێوەیەكی گشتی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوەو بۆئەو مەبەستەش گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك كراوە".

وتیشی: ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر كردویەتی، پێشنیار بوە بۆ راگرتنی بریارەكەو ئەنجومەنی پارێزگاش ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران رابگرێت لەبەر ئەوەی بابەتەكە گشتگیرەو پەیوەست نیە بە تەنها پارێزگایەك.

پێشتر ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندبوو بڕیاریانداوە بە ڕاگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاک و بڕیارەکەشیان ئاراستەی یەكە ئیدارییەكان دەكرێت.



PM:07:36:27/11/2017