پارتی: دیراسەی پرۆژەكەی گۆڕان دەكەین

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێم كێشەیە و دەڵێت "دیراسەی پڕۆژەكەی گۆڕان دەكەین". 

ئەمڕۆ مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای كۆبوونەوەی حزبەكەی لەگەڵ شاندی حكومەت بە میدیاكانی پارتی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا پرسی یەكڕیزی و كێشەكانی حكومەت و داواكاری هاوڵاتیان تاوتوێ كراون و وتیشی "هەڵبژاردن زوو بكرێت یان درەنگ، پێویستی بە كۆدەنگی لایەنەكان هەیە و ئەوان وەك پارتی پێشبینی ئەوە دەكەن پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجام بدرێت باشتر دەبێت".

لەبارەی پڕۆژەكەی گۆڕانەوە ئاماژەی بەوە كرد، لە ئێستادا تاوتوێی پڕۆژەكەی گۆڕان دەكەن و لە داهاتوودا وەڵامیان دەدەنەوە و بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن، وتیشی "هیچ وادەیەك بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دیاری نەكراوە".

ڕاشیگەیاند: هەڵوەشاندنەوەی حكومەت كێشە و بۆشاییەكی گەورە دروستدەكات و كاتێك هەڵبووەشێتەوە، زۆری پێدەچێت تاوەكو حكومەت پێكبهێنن و لەسەر بەرنامەكەی ڕێكبكەون.

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ شاندەكەی حكومەت لەگەڵ زەحمەتكێشان و شیوعیدا كۆدەبێتەوە، تائێستاش شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ هەریەكە لە یەكگرتوو و گۆڕان و یەكێتی و حزبی سۆسیالیست كۆبووەتەوە، بڕیاریشە شاندەكەی حكومەت سەردانی لایەنەكانی دیكەش بكات



PM:12:33:28/11/2017