بەغازی فرمێسک رێژ هێرشدەکرێتە سەر سێ پەرلەمانتاری گۆڕان

کەمێک پێش ئێستا لەکاتی تێپەڕبوونی هەرسێ پەرلەمانتار مەحمود رەزا و عەلی حەمە ساڵح و عەدنان عوسمان بە بەردەرکی سەرای سلێمانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەغازی فرمێسک رێژ هێرش دەکرێتە سەریان و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان سپی کە لە پەیامنێریەوە لە شوێنێ رووداوەکە پێیگەیشتووە، لەکاتی رەتبوونی مەحمود رەزا پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و عەلی حمەساڵح پەرلەمانتاری ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ پەرلەمانتاری خوولی پێشوو عەدنان عوسمان، لەکاتی تێپەڕبوونیان بە مەیدانی سەرا لە سلێمانی، گازی فرمێسک رێژیان پێدا دەکەن و بەهۆی بەرکەوتنیان دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری سپی، کاتێک کە ئەو سێ پەرلەمانتارە دەچنە لای چاخانەی " شەعب " ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک لێیان کۆدەبنەوەو هێزە ئەمنییەکانیش بۆمبی فرمێسک رێژیان ئاراستە دەکەن و لەئەنجامدا ئەو سێ پەرلەمانتارە و ژمارەیەک هاولآتی تووشی هەناسە تووندبوون دەبنەوە.

سەرای سلێمانی سێ رۆژە هێزێکی زۆری پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەی تێدا مووڵدراوەو رێگانادەن کەس لەو مەیدانە کۆببێتەوە.



PM:12:17:22/12/2017