وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی وەڵامی بەرپرسی مەڵبەند دەداتەوە

وتەبێژی پارتی لە سلێمانی وەڵامی بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە سلێمانی دایەوە و دەڵێت "با پێداچوونەوەیەك بە وەڵامەكەیدا بكات، چونكە پەلەپەلی پێوە دیارە".


وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی ـ هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، سوپاس و دەستخۆشی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی ـ هەڵەبجە لە هێزە ئەمنیەكانی سنوورەكە دەكات چەند رۆژێكە لە ئەركێكی قورسدان.

وتەبێژی پارتی لە سلێمانی رایدەگەیەنێت "وەڵامی بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكێتی سەبارەت بە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی دوێنێی سەرۆكی ئەنجومەن دروست نییە و داوا لەبەرپرسی مەڵبەند دەكەین كە پێداچوونەوەیەك بە وەڵامەكەیدا بكات، چونكە پەلەپەلی پێوە دیارە".

دوێنێ ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "توندوتیژی لە پێگە و ناوبانگی سلێمانی و سنوورەكەی ناوەشێتەوە".

وتیشی "لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هێزی‌ زێرەڤانی‌ جوڵەی‌ پێكراوە بۆ سلێمانی‌ بەمەبەستی‌ پاراستنی‌ ئەمنی‌ شارەكە و هاوكاریكردنی‌ هێزەكانی‌ تری‌ حكومەتە".

ئاماژەشی‌ بەوەدا كە "ئەو هێزەی هاتووە بۆ پاراستنی بارەگاكان نەهاتووە و بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی خەڵك هاتووە و بەرەنگاری هەر هێزێك دەبێتەوە بیەوێت ئاسایش و ئارامی سلێمانی تێكبدات".

ئەدهەم بارزانی ئەوەشی‌ خستووەتەڕوو كە "هەر لایەنێك بڕیاری دەرچوون لە حكومەت دەدات، مافی خۆیەتی بە مەرجێك لەسەر حسابی خەڵك و بەرژەوەندییەكانی خەڵك نەبێت".

سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی‌ لە سلێمانی‌ و هەڵەبجە وتیشی "لە پشت خۆپیشاندانەكانەوە هاڕەی فیشەك دەهات، ئەوە دەریخست پیلانێك هەیە و دەستێكی گێرەشێوێن هەیە بۆ تێكدانی سەقامگیری".

لەوەڵامی ئەدهەم بارزانیدا، لەتیف شێخ عومەر بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی مەڵبەندی راگەیاندبوو، "لێگەڕێ با ئاسایشی سلێمانی بەپێی ئەو پرنسیپانەی خۆیان باوەڕیان پێیەتی ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن، چونكە ئەركی ئاسایشی ئەم ناوچەیە لە كۆنەوە پاراستنی ئازادی و پاراستنی خۆپیشاندەران و موڵكی گشتی و پاراستنی سەروسامانی هاوڵاتییان و ئارامییان بووە و بەباشترین شێوەش ئەو ئەركەیان ڕاپەڕاندووە".

هەروەها وتبووی "ئەگەر ئەو هێزی ئێمە بە سەركوتكردنی میللەتی خۆمان دەزانێت، ئەوا هێزی ئاسایشی ئێمە ئەو ئامڕازە نییە سەركوت بكات بەڵكو ئامڕازی پاراستنی ھاوڵاتییە و ھێزی ئێمە ھێزی ھاوڵاتییانە، وە شانازی ئەكەین لە ھەموو ئەم ناوچەیە خۆپیشاندانە و لەگەڵ ئەوەشدا ئاشتی و ئارامیش بەرقەرارە".

بەرپرسی مەڵبەند لێدوانێكی تری ئەدهەم بارزانی ڕەت دەكاتەوە كە ھێنانی ھێزی پارتی بە ڕێككەوتن بووە لەگەڵ یەكێتی و ڕایدەگەیەنێت: ئەوەی من ئاگادارم نازانم پارتی ھێزی ھێناوە یان یاخود نا،بەڵام من نەم بیستووە ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی كرابێت بە ھێنانی ھێز و پێویستیشمان بەھێز نییە چونكە ھێزی ئاسایش و پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆ بەتوانایەكی زۆرەوە توانیویانە ئارامی بپارێزن و خۆپیشاندەران و مافی ئازادی ڕادەربڕینیان پاراستووە.



PM:03:29:22/12/2017