عادل موراد بۆ پارتی: بەچ روێكەوە پەنا بۆ مالیکی دەبەن

عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێرشێكی توندی كردە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "تا دوێنێ نوری مالیكی-تان وەك نان بڕ و بوجەبڕی خەڵكی كوردستان وەسف دەكرد و ئەمڕۆش وەك دۆست و ڕزگار كەر تەماشای دەكەن".


عادل موراد لە وتارێكیدا بە ناوی "بیرهێنانەوەیەكی پێویست" دەڵێت "نزیكەی چوار ساڵ لەمەوبەرو لەڕۆژی ٤ی ئازاری ٢٠١٤ كاتێك بەكارێكی تایبەت رێم كەوتە بەغداو لەوێ چاوم بەسەرۆك وەزیرانی ئەوسای عێراق و جێگری سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق بەڕێز نوری مالكی كەوت، و توانیم پاش مشتومڕێكی دۆستانە قەناعەتی پێ بكەم كەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كوردستان كەبڕەكەی 700 ملیۆن دۆلار بوو بەهوێ كێشەی سیاسی و شەخصی ماوەی دوو مانگ بوو راگیرابوو، بەبێ ئەوەی داوی هیچ تەنازولاتێك لەهەرێمی كوردستان یاخود رادەستكردنی خاڵە سنوری و فڕۆكەخانەكان بكات، كە بەداخەوە سەركردایەتی و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم كوردستان لەدوای چەندین دانیشتن نەیانتوانیبوو بیگێڕنەوە، هەروەها توانیم قەناعەتی پێبكەم بەگێڕانەوەی شایستە دارییەكانی هەرێم و ئامادەیی خۆێ و حكومەتەكەشی بۆ گفتۆگۆی جدی بەمەبەستی چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نیشاندا".

روونیشیدەكاتەوە كە لەبەرامبەر ستایشكردنی ئەو هەوڵەی "بەپێچەوانەوە روو بەرووی چەندین تۆمەت و قسەی تایفی نابەجێ كرامەوە، كەبەداخەوە هەندێكیان لەلایەن كەسانێك دەكرا لەسەركردایەتی كاڵ فام و بێ ئەزموونی پارتی كە خۆیان بە دڵسۆزی خەڵك و لافی نیشتمان پەروەری لێ دەدا وەبەوەش نەوەستان هێرشێكی رێكخراوی فراونی ناڕەوای بەرفراوانیان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەنجامدا".

عادل موراد دەڵێت "مافی خەڵكی كوردستانە بپرسن بۆچی و چۆن مالیكی كەتا دوێنی نان بڕ و بوجەبڕی خەڵكی كوردستان بو لەدیدی چەند كەس و لایەنێك ئێستا چۆن بۆتە دۆست و ڕزگار كەر، و داوای نێوەند گیری و كاری خێری لێ دەكرێت لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتێ فیدراڵی عیراق".

لە پارتی دەپرسێت ئەگەر ئەو تۆمەتانەی خرانە پاڵ مالیكی راست بوونایە "ئێستا بەچ روێكەوە پەنای بۆ دەبەن تا ئاوێك بەم ئاگردا بكات و ڕۆڵی خێر بگێڕێت بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عیراق".

عادل موراد لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا نووسیوێتی ئەوانەی كوردستانیان بەم دەردە برد و بەناوی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ چارەنوسی گەل و نیشتمانیان بەرەو هەڵدێرێكی ترسناك برد، نایانەوێت دان بەشكست و داروخانی سیاسەتەكانیان بنێن و بەردەوام دەبن لە هەوڵ بۆ مانەوە لە ریێ فریودان و شاردنەوەی راستیەكان.

عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتی لە كۆتایی وتارەكەیدا دەڵێت "ئێستاش لەبری ئەوەی چاوێك بەسیاسەتی شكست خورادویاندا بخشێننەوە، و لێگەڕێن میللەت بڕیار لەئایندەو شێوازی بەڕێوەبردنی خۆی بدات، دەبینین یاری كردن بە پیرۆزییەكانی میللەت و زۆرجار دۆڕاندنی بۆتە نەریتێكی باو لەلای سەركردایەتییەكی كاڵفام و كەم ئەزموون، و بوغراو خۆ بەزلزان، هەر بۆیە دەبێت هەموومان بێ سڵەمینەوە و راست و رەوان پێیان بڵێین دەسەڵاتێك كەخەمی گەل و نیشتمان و ئاگای لە ئازار و مەینەتییەكانی گەلەكەی نەبێت، چیتر ناتوانن نوێنەرایەتی ئەم میللەتە بكات، بۆیە گۆڕینی و هێنانەدیی دەسەڵاتێكی تەندروست كە روبەروی گەندەڵی و هێنانەدیی یەكسانی و سەروەری یاسا بكاتە پێشەنگی ئامانجەكانی".



AM:08:53:28/12/2017