عیراق ئەم دەرچوانەی‌ هەرێم دادەمەزرێنێت

وەزارەتی‌ تەندروستی‌ حكومەتی‌ عیراق بڕیارێكی سەبارەت بەدەرچوانی‌ زانكۆو پەیمانگەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئاشكرادەكات و وەزیری‌ تەندروستیش دەڵێت "ڕەزامەندی‌ وەرگیراوە بۆ دامەزراندنی‌ دەرچوان".

د.عەدیلە حەمود عەبودی‌، وەزیری‌ تەندروستی‌ عیراق لەپەیجی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لەتۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ فەیسبوك ڕایگەیاندووە "بەگوێرەی‌ بڕیاری‌ ژمارە 69ی‌ ساڵی‌ 2017 ڕەزامەندی‌ وەرگیراوە بۆ دەرچوانی‌ زانكۆو پەیمانگە پزیشكی و تەكنیكیەكانی‌ ساڵی‌ 2015-2016ی‌ هەرێمی‌ كوردستان".

وەزیری‌ تەندروستی‌ عیراق هەروەها دەڵێت "ڕەزامەندیمان دەربڕیوە سەرجەم دەرچوانی‌ زانكۆ و پەیمانگە پزیشكی و تەكنیكیەكانی‌ ساڵی‌ 2015-2016ی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەهەردوو خولەكەوە كە دانیشتوی‌ پارێزگاكانی‌ كەركوك و دیالەو نەینەواو بەغدان لەوەزارەتی‌ تەندروستی‌ دابمەزرێن".

هاوكات عەلی‌ حسێن تەمیمی‌، بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ فەرمانگەی‌ پلاندانان و گەشەپێدان لەوەزارەتی‌ تەندروستی‌ ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە بەگوێرەی‌ بۆشایی لەبەشەكان و لەمیلاكات، وەزارەت هەموو هەوڵەكانی‌ خۆی‌ دەخاتەگەڕ بۆ دامەزاراندنی‌ سەرجەم دەرچوانی‌ بەشە پزیشكیەكان لەپێناو خزمەتكردن بەهاوڵاتیانی‌ عیراق.



PM:12:04:03/01/2018