لە هەولێر خۆپیشاندان دەستیپێكرد

خوێندكارە یەكەمەكانی زانكۆو پەیمانگەكان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای دامەزراندن دەكەن.

ئەمڕۆ نۆی كانونی دوەمی 2018 خوێندكارە یەكەمەكان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لەشاری ھەولێر خۆپیشاندانیان دەستپێكرد و بەیاننامەیەكیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خوێندەوە.

لە بەیاننامەكەدا خوێندكارە یەكەمەكان داوایانكرد، "یەكەم و دوەم و سێیەمەكانی سەر ئاستی زانكۆ و پەیمانگەكان ساڵانە بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان لەسەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دادەمەزرێنەوە لەھەمان بەش و كۆلێژی خۆیان".

خوێندكاران ئاماژەیان بەوەكردوە، "ئەو وەرگرتنەوەیەش بەمەبەستی خزمەتكردنە بەشوێنەكانی خۆیان و توانای سود بینینی زانكۆو پەیمانگاكان لەتواناكانیان".

ئەوەشیانخستەڕوو، بۆ چەندجارێكە خۆپیشاندان دەكەن و حكومەت گوێ لەداواكانیان ناگرێت، "سەرباری ئەوەش بڕیاردراوە ئەوانە دانەمەزرێن، بۆیە داوا لەحكومەت دەكەن بڕیارەكەی ھەڵوەشێنێتەوە چونكە دەبێتە ھۆی كوشتنی كێبڕكێی زانستی لەزانكۆو پەیمانگاكان و ئاستی زانستی دەھێنێتە خوارەوە".



AM:11:56:09/01/2018