وەزارەتی دارایی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە "وەزیری دارایی و ئابووری و باڵیۆزی بەریتانیا لە كۆبوونەوەیەكدا باس لە دەسپێكردنەوەی دانوستانی هەولێر و بەغدا دەكەن".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق ئاماژەی بەوەكردووە كە بەریتانیا پێداگری دەكات لەوەی مافە دەستوریەكانی هەموو لایەك دابینكرێت و دەستكاری پڕِۆژە یاسایی بودجەی عێراق بكرێت".

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

وەزیری دارایی و ئابووری و باڵیۆزی بەریتانیا باس لە دەسپێكردنەوەی دانوستانی هەولێر و بەغدا دەكەن
باڵیۆز و كونسوڵی بەریتانیا لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووری حومەتی هەرێم باس لە دەستپێكردنەوەی دانوستانی هەولێر و بەغدا دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 15ی كانونی دووەمی 2018، جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق و مارتن وار، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی دارایی وئابووری حكومەتی هەرێمیان كرد و لەگەڵ رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكە جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق باسی ئامانجی سەردانەكەی كرد و رایگەیاند" لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا و هەولێر پێمان راگەیاندون كە بەریتانیا بە بایەخەوە دەڕوانێتە  دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لە نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستە كۆبوونەوەی راستەوخۆ هەبێت و ئەو كۆبوونەوانەی ئێستا دەكرێن بەردەوامیان هەبێت".

باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەریتانیا پێداگری دەكات لەوەی مافە دەستوریەكانی هەموو لایەك دابینكرێت و دەستكاری پڕِۆژە یاسایی بودجەی عێراق بكرێت.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم سوپاسی ئەو نێوەنگیریەی بەریتانیای كرد و رایگەیاند" پێویستە بەریتانیا رۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەنگیری هەولێر و بەغدا و ئێمە وەك حكومەتی هەرێم ئامادەین كە داواكاریەكانی بەغدا سەبارەت بە وردبینی لە لیستی مووچەخۆران و چاودێریكردنی خاڵە سنوریەكان و فرۆكەخانەكان جێبەجێبكەین".

وەزیری دارایی وتیشی، لە ئێستادا پڕۆژیەكی چاكسازیمان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردوە  تایبەت بە رێكسختنەوەی مووچەی خانەنیشن و دەرماڵە كە بە پێی ئەو پڕۆژە یاسایە مانگانە 150 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە و بەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر پێدانی مووچە.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە وەزیری دارایی و ئابووری رونیكردەوە كە كۆمپانیای دیلۆت راپۆرتێكی ئامادەكردوە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكەین بۆ ئەوەی بە هەموو لایەن چاكسازی لە كەرتی نەوت و دارایی بكرێت.



PM:12:44:15/01/2018