دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیاری لەسەر گروپە چەكدارەكەی شاخی بەمۆ ئاشكرادەكات

دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی ئەو گرووپە چەكدارەی كە وا باسدەكرێت داعش بن و شاخی بەمۆیان كۆنتڕۆڵ كردبێت ڕایدەگەیەنێت "ژمارەیەك چەك دەستی بەسەردا گیراوە و لە حەشارگەكایان لە چیای بەمۆ هەڵهاتوون".

لە ڕاگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە "بەهاوكاری پۆلیسی گەرمیان و هێزێكی بەرگری و فریاكەوتنی دەربەندیخان بەردەوامن لە كیوماڵكردنی ناوچەكەن و كۆنترۆڵكردنی سنورەكە".

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

دەزگای ئاسایشی ھەریم زانیاری گرنگ لەبارەی گروپە چەكدارەكەوە بڵاودەكاتەوە

لە سەر بنەمای زانیاری و بەدواداچونی ورد بۆ  هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی  ئاسایشی گەرمیان رونبووە لەسەر بونی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لە بناری بەمۆ.پاش لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر بە فەرمانی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم ، ئێوارەی رۆژی 22 / 1 /2018  ئاسایشی گەرمیان ، بنكەكانی ئاسایشی بەمۆ و مەیدان و دەربەندیخان ئۆپراسیۆنی كیوماڵكردنی ناوچەكەیان دەسپێكرد و توانیان شوێن و حەشارگەی چەكدارە نەناسراوەكان ئاشكرا بكەن، رووبەڕوی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو بونەوە دوای ئەوەی داوایان لێكرا ناسنامەیان ئاشكرا بكەن و خۆیان رادەستی هێزەكانمان بكەن 
بەڵام دوای خۆدزینەوەیان روبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بونەوەو شەڕوپێكدانان رویدا و هەڵهاتن. بەڵام بەهۆی سەختی ناوچەكە  هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان بەردەوام بوون  و پلانی خۆیان گۆڕی  و سەرەتا  شاخی بەمۆ كۆنتڕۆڵكراو  پاشان  توانرا حەشارگەكەیان ئاشكرابكرێت  و دەسبگیرێت  بەسەر یەك چەكی (بیكەیسی )و (دوو كڵاشینكۆف )و یەك فەردە( تیئێنتی ) و 17 گولەی ( ئاربیچی ) و چەندین سندوقی فیشەك و مەوادی خۆراكی 
بەپێی زانیاریەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم چەكدارەكان گومانی تیرۆرستانی داعشیان لێدەكرێت و پێشتر زانیاری ورد هەبووە لەسەر جموجۆڵەكانیان لە ناوچەی حەمرین و لە ئێستاشدا هێزەكانی بەرێوبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ، بەهاوكاری پۆلیسی گەرمیان و هێزێكی بەرگری و فریاكەوتنی دەربەندیخان بەردەوامن لە كیوماڵكردنی ناوچەكەن و كۆنترۆڵكردنی سنورەكەو كۆمەڵانی خەڵكیش دڵنیا دەكەینەوە كە شەو نوخون دەبین و بە گیانمان خاكی هەرێم دەپارێزین 


دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان 
23/1/2018



PM:12:01:23/01/2018