ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار وەڵامی ئومێد خۆشناو دەداتەوە

ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆماری عێراق، وەلامی نامەیەكی ئومێد خۆشناو دەداتەوە و دەداتەوە و ڕایگەیاندووە "بەهۆی سیاسەتی چەوت و هەرزەی خەڵكانی وەك ئێوە بەداخەوە دوچاری میلەتەكەمان بۆتەوە".

عەبدولواحید دوكانی، لە نوسینگەی ڕاگەیاندنی د.فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" ناردووە وەڵامی ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان دەداتەوە كە رۆژی پێنجشەممە نامەیەكی ئاراستەی سەرۆككۆماری كردبوو.

لە وەلامەكەدا دەڵێت "د.فوئاد زۆر لەئێوە باشتر ئاگای لەگوزەران و حاڵی خەڵكی بەشمەینەت هەیە كە بەهۆی سیاسەتی چەوت و هەرزەی خەڵكانی وەك ئێوە بەداخەوە دوچاری میلەتەكەمان بۆتەوە".

دەقی وەڵامەكەی راگەیاندنی سەرۆككۆماری عێراق:

وەڵامێكی سەرپێی بۆ نامە ئاوەڵاكەی ئومێد خۆشناو ..

لە لاپەڕەی فەیسبوكەكەت نامەیەكمان بینی كە ئاراستەی جەنابی سەرۆك كۆمارت كردوەو لەسەرەتاش نوسیوتە ئەگەر نەتوانم بڵێم سڵاوی شۆڕشگێڕانە ئەوا سڵاوی كوردانەت لێ بێ ، لەوەیان حەقی خۆتەو گلەیی ناكەین كە ناوێری سڵاوی شۆڕشگێڕانە بۆ سەركردەیەك بنێری كە زیاد لەنیو سەدەی تەمەنی لەشۆڕش و سەركردایەتی شۆڕشی پاكدا بەسەربردوەو ئێوەو شۆڕش رەنگە نامۆبن بۆیە ناوێری سڵاوی شۆڕشگێڕانە بكەیت.

گلەیی دەكەیت و هەواڵی گوزەرانی خەڵك بەسەرۆك دەگەیەنی كە پێتوایە جەنابی سەرۆك كۆماریش وەك ئێوە رۆژە ڕێیەك لەنێوان خۆی و خەڵكدا هەیە، د.فوئاد زۆر لەئێوە باشتر ئاگای لەگوزەران و حاڵی خەڵكی بەشمەینەت هەیە كە بەهۆی سیاسەتی چەوت و هەرزەی خەڵكانی وەك ئێوە بەداخەوە دوچاری میلەتەكەمان بۆتەوە، چونكە ئەو ساتەی سیاسەت و بڕیار كەوتە دەست بەشێك لەهەرزەی سیاسی وەك ئێوەو نەخوێندنەوەی بەرپێی خۆتان روون بوو كە چارەنوسی ئەم خەڵكە بەكوێ دەگات ، بۆ زانینیت ئێستاش لای ئێمەمانان راپەڕین و نەورۆز و سەرهەڵدان جێگای شەرەفمەندیمانن و ئینجا نازانین لای ئێوە بۆ ئێستا وانەماوە، ئەوەیان خۆتان وەڵامی بدەنەوە باشترە.

وە كاك ئومێد ئێوەش باش بزانن كە سیاسەت كردن و سەركردایەتی كردن بەو پێوەرو پرەنسیپە نیە لای جەنابی سەرۆك كۆمار، كە ئێوە بەو ڕبەی خۆتان دەیپێون، بەڵكو جەنابیان سەرۆك كۆماری عێراقە و سوێندی خواردوە كە نوێنەری هەموان بێت و بەوەفاش بوە بۆ سوێندەكەی و بەوەفاش دەبێ، چونكە نە كەسایەتیان و نە ڕێبازی سیاسیان ڕێگە بەوە نادا كە وەك ئێوە سیاسەت و بەرنامەڕێژی بەڕێوەبردنی وڵات بكات، دیدار و بڕیار و هەوڵەكانی ئەویش وەك رۆژبەئاسمانەوە دیارن ،بەڵام كە ئێوە چاوی خۆتان گرتوەو ناتانەوێت بیبینن ئەوەیان شتێكی ترەو لەومەجالە دەگەڕێن دەستی چەوری خۆتان بە خەڵك بسڕنەوە كە كردەوەی هەندێك خەڵكی وەك ئێوەی هەرزەو دروشم و دورنەبینیتان لە دۆخەكە، ئەو ماجەرایانەی لێكەوتەوە كە بەئاسانی نایەنەوە سەر ڕێگە راستەكە.

لەراستیشدا سەرمان سوڕماوە لەو دوفاقی گوتار و دەربڕینتان، هەزارو یەك هەوڵ دەدەن بێنەوە بەغدا و عێراقچێتیتان ئەوەندە تۆخ كردۆتەوە بەشی مەمانان نەماوەتەوە، كەچی گلەیی لە جەنابی سەرۆك دەكەیت كە عێراقچێتی دەكات لەكاتێكدا بەدەستورو سوێندو هەڵبژاردن و هەموو یاسایەك سەرۆكی ئەو عێراقەیە كە هەموتان چاوتان تێبڕیوە بۆ فەرمویەكی موحتەرەمانە .

دواجاریش خەڵك لەوە هۆشیارترە بەو دروشم و چوار كەلیمە بێبنەمایەی ئێوە سەری لێ بشێوێت و تاقەتی گرنگی پێدانی هەبێت، وە دڵنیاش بە جەنابی سەرۆك كۆمار لەبەرئەوەی خەریكی چاكردنی دۆخەكەیەو شەورۆژی خستۆتە سەریەك بۆ گێڕانەوەی هەناسەی ئارامی بۆ هەموو خەڵك نایپەرژێت نامەیەكی ئاوها ببینێت و بخوێنێتەوە.

عەبدلواحد دوکانی
لەمەکتەبی راگەیاندنی سەرۆک کۆمار



PM:02:24:09/03/2018