دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەولێر بەیاننامەیەک بڵاودەکەنەوەو کۆمەڵێک داواکاری دەخەنە روو، هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەرکەوتووبوون.
دهقی بهیاننامهكه:
بەناوی خودای گەورە
ئێمە وەکو دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەشاری هەولێر، لە بەرواری
24/3/2018 وەک دەستەیەکی سەربەخۆ و خۆڕسک لە پێناو کۆمەڵێک ماف و ئامانجی مامۆستایان و فەرمانبەران خۆمان ڕاگەیاند و چەندین داواکاریمان خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە پێناو نەهێشتنی ناسیستەمی پاشەکەوتی مووچە و چاککردنی ڕەوشی پەروەردە و گێڕانەوەی شکۆ بۆ کەسایەتی مامۆستا ، خۆشبەختانە بە هاوکاری ئازایەتی و چاونەترسی و بوێری مامۆستایان و فەرمانبەران توانیمان لەماوەی ئەو هەفتەیەدا بایکۆتی دەوامکردن ڕابگەیەنین و گردبوونەوە و چالاکی مەدەنی ئەنجام بدەین. ئەو چالاکیانە جگە لەمامۆستایان خۆیان هیچ کەس و لایەنێک خاوەنی نەبووە و ناشبێت ، دڵنیاشتان دەکەینە کە ئێمە جگە لە خزمەتکردن بە داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەران ناچینە ژێر باری سیاسەتی هیچ کەس و لایەنێک ، دژی هیچ لایەن و بنەماڵەیەک نین و داوای ڕوخان و ئیرحەل لە هیچ حزب و حکومەتێک ناکەین، تەنها و تەنها کارەکانمان بۆ ئامانجی پیشەیی و بەشێوازی مەدەنی ئەنجام دەدەین، هەربۆیە سوپاسی تەواوی فەرمانبەران و مامۆستایان دەکەین و ئەوان هۆکاری ئەو سەرکەوتنە بوون و تاماوین قەرزاریانین . هەروەها بەهۆی ڕاگەیاندنی گۆڕانکاری لە ڕێژەی پاشەکەوتی مووچە پێمان باش بوو هەڵوێستی خۆمان لەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕابگەیەنین .
1_ پێمان وایە ئەو هەنگاوەی حکومەت لە ڕاگەیاندنی دەستکاری کردنی ڕێژەی پاشەکەوتی مووچە هەنگاوێکی باشە لەم قۆناغەدا ، هەوڵبدرێت لە قۆناغی داهاتوودا کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو پاشەکەوتە بکرێت ، بۆیە بە شێوەیەکی کاتی بایکۆتی خوێندن لەشاری هەولێر هەڵدەپەسێرین و داوا لە مامۆستایان دەکەین ڕۆژی یەکشەممە دەست بە دەوامی ئاسایی خۆیان بکەنەوە .
2_ ئێمە گومانمان لە ئەگەر و بەڵێنەکانی حکومەت هەیە لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ، بۆیە ئێمە چاودێری جێبەجێ کردنی بڕیارەکە دەکەین و لەفشار و هەڵوێستی مەدەنیانەی خۆمان بەردەوام دەبین ، تا ئەو ڕۆژەی تەواوی داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت.
3_داوا لە حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان دەکەین ، ڕەوشەکە ئاسایی بکەنەوە و تەواوی زیندانیان ئازادبکرێن و رێگا بە دوورخراوەکان بدرێت بگەرێنەوە شار و لە داهاتووش هەموو سزایەکی ئیداری و دەستگیرکردنێک بە تەواوی رەتدەکەینەوە.
4_ داوا دەکەین لە ڕێگای پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بە ڕێکاری یاسایی کاربکرێت بۆ گێرانەوەی ئەو پارە پاشەکەوتکراوەی لای حکومەت بۆ مووچەخۆران ، لەڕێگای ئەوەی پەرلەمان بەزووترین کات یاسای چاکسازی بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی پەسند بکات تاکو قۆناغی دووەمی نەهێشتنی پاشەکەوت جێبەجێبکرێت حکومەت بیانووی نەمێنێ
5_ داوادەکەین حکومەت بە شێوەیەکی چەسپاو بۆ هەروەزارەتێک ڕۆژێک دیاری بکات بۆ وەرگرتنی مووچە، بە مەرجێک لە سی ڕۆژ تێنەپەڕێ . تاوەکو مووچەخۆران لە دڵەڕاوکێ و قەلەقی رزگاریان بێت .
6_ حکومەت و وەزارەتی پەروەردە هەماهەنگ بێت لەگەڵ دەستەی مامۆستایان و کەسانی پسپۆڕ لە بواری پەروەردە ، تاوەکو کاربکرێت لەسەر چاککردنی کەرتی پەروەردە و بەرزڕاگرتنی کەسایەتی مامۆستا .
7_داوا دەکەین وەزارەتی پەروەردە کاربکات لەسەر بەهه میشه یی کردن و دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست.
لە کۆتایی دا سوپاسی دەزگاکانی پۆلیس بەگشتی و پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکان بەتایبەتی دەکەین کە لەماوەی ئەو هەفتە چالاکیەی دەستەکەمان هاوکارمان بوون لە پاراستنی گیانی مامۆستایان و بارودۆخی شارەکە، ئیدانەی ئەو دەستدرێژیانە دەکەین کەلەلایەن کەسانی نابەرپرس و دەرچوو لەیاسا کرانە سەر مامۆستا و فەرمانبەران،داواکارین لەرێگای سکاڵای داواکاری گشتی سزابدرێن. هەروەها سوپاسی سەرجەم ئەو کەسایەتی و رێکخراوە مەدەنی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە پشتگیریان کردین و وەک میوان پابەندی بەرنامەکانی ئێمە بوون، لەهەمان کاتدا ڕەخنەی خۆمان ئاراستەی هەندێ کەس و لایەن دەکەین کە بۆ مەبەستی شەخسی و سیاسی تێکەڵ بەگردبوونەوەکەی ئێمە بوون بوونە هۆکاری شیواندنی ڕەوشەکە و زامداربوونی چەندین مامۆستا .
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەشاری هەولێر
31 /3 /2018