مامۆستایانى زانکۆ و پەیمانگاکان دوا بڕیاریان لەبارەی بایکۆتەوە دا

ڕێکخراوى داکۆکى لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕایدەگەیەنێت تاوەکو ١٤ ى ئەم مانگە درێژە بە بایکۆتى خوێندن دەدەن و ڕایدەگەیەنن لەم ماوەیەدا تەواوى بەڵگەکانى تواناکانى حکومەت بۆ پێدانى موچەى تەواوەتی ئاشکرادەکەن.

ئەو ڕێکخراوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەڵگە نێوخۆیى و نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە تاڵانکردنى سامانى ژێر زەوى و سەر زەوى ئەم وڵاتە دەکەن لەلایەن چەند کەسێکى دوو بنەماڵەوە .

ئاماژە بەوەشدەکەن، کاتى ئەوە هاتووە مامۆستایانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ دابینکردنى موچەى تەواو و لابردنى ئەو باجە نایاساییانەى سەپێنراون سەرچاوەى کێشەکان دیاریبکەن و پێشنیارى چارەسەرکردنى بخەنەڕوو.

مامۆستایانى زانکۆ و پەیمانگاکان ئاشکراشیدەکەن، تاوەکو ڕۆژى ١٤ ى ٤ درێژە بە بایکۆت دەدەن و لەو ماوەیەشدا لە ڕێگەى چالاکى زانستى و میدیاییەوە ئەوە ئاشکرادەکەن کە پارە هەیە بۆ دابینکردنى موچەى تەواو.

جەخت لە پێشکەشکردنى تەواوى ئەو بەڵگەنامانە دەکەنەوە بە هێزە هاوپەیمانەکانى شەڕى داعش کە کاریگەرى بەرچاویان هەیە لەسەر فشارکردن و چارەسەرکردنى کێشەکان.



PM:07:28:07/04/2018