"هەوڵێك هەیە بۆ ئازادكردنی بكوژی كاوە گەرمیانی"

برایەكی كاوە گەرمیانی ڕایگەیاند هەوڵدەدرێت بكوژی براكەی كە ئێستا لە زینداندایە ئازادبكرێت یان سزاكەی بۆ كەمبكرێتەوە. 

كاروان ئەحمەد، برای ڕۆژنامەنوسی تیرۆكراو كاوە گەرمیانی لەمیانەی بەشداریكردنی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری كوردیدا كە لە كەلار لەسەر گۆڕی ئەو ڕۆژنامەنوسە تیرۆركراوە بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، ئەو كەسەی لەسەر تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی لە زینداندایە هەوڵدەدەن بە هەر شێوەیەك بێت ئازادی بكەن یان حوكمەكەی كەمبكەنەوە و دەڵێت "هەر دادگا و دەسەڵاتێك بیەوێت ئەو بكوژە ئازادبكات ئەوا هەموو ڕێگەیەكی مەدەنی دەگرنەبەر".

براكەی كاوە گەرمیانی ئاماژەی بەو لایەن و كەسایەتیانە نەكرد كە هەوڵی ئازادكردنی بكوژی كاوە گەرمیانی دەدەن، بەڵام ئەوەی ئاشكراكرد كە لەكاتی دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتی هەوڵێكی زۆر دراوە بۆ ئازادكردنی ئەو كەسەی بە تاوانی كوشتنی كاوە گەرمیانی لە زینداندایە.

لە ڕۆژی ٥ی كانونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٣، ڕۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و تیرۆر كرا، ئەمەش دوای  تیرۆركردنی هەریەكە لە سۆرانی مامە حەمە لە كەركوك و سەردەشت عوسمان لە هەولێر هات، دواتریش ویدات حسێن لە دهۆك تیرۆركرا و تا ئێستاش بكوژی ئەو ڕۆژنامەنوسانە نەدراونەتە دادگا.





AM:11:51:22/04/2018