لەبارەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیی کاندیدە ژنەکان ڕوونکردنەوە دەدرێت

داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا كە رێكاری یاسایی دژی ئەو كەس و لایەنانە بگرێتەبەر كە بابەتی ناوزڕاندن و سوكایەتیكردن بە كاندیدەكان و بەتایبەت کاندیدە ژنەکان بڵاودەكەنەوە.

ئازاد حەسەن ئەحمەد سەرۆكی داواكاری گشتی بەیاننامەیەكی لەبارەی هەڵمەتی سوكایەتی پێكردن بەكاندیدەكان بەتایبەت كاندیدە ژنەكان بڵاوكردەوە و رایگەیاند: لەئێستادا لەعێراق و كوردستان، هەڵمەتێكی سوكایەتی پێكردن بەكاندیدەكان بەگشتی و ژنان بەتایبەتی لەسەر گشت لیست و قەوارەكانی بەشداربووی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایار دەستیپێكردوە.

رونیشیكردەوە كە كاندیدە ژنەكان كەوتونەتە بەر شاڵاوێكی توندی ناو زڕاندن و سوكایەتی پێكردن، هەر لەدورستكردنی گرتەی ڤیدیۆی ناڕاست كە بەشێوەی ناشیاو دروستكراوەو شێوانی وێنەكانیان.

داواكاری گشتی هەرێم دەشڵێت ئەو كارە "پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤەو بێ جیاوازی و بەپێی ماددەی یەكەم و دووەمی یاسای داواكاری گشتی ژمارە 159ی هەمواركراو مادەكانی 433، 434، 438ی سزادانی عیراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەمواركراو، رێكاری یاسایی دەگرینەبەر بەرامبەر هەر كەس و لایەنێك كە ئەم كردەوە تاوانییە ئەنجامبدات.



PM:10:09:30/04/2018