زانایانی هەڵەبجە بایكۆتی كۆنفرانسی یەكێتی زانایان دەكەن

بەشێك لەزانایانی ئاینی هەڵەبجە بایكۆتی شەشەمین كۆنفرانسی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامیی كوردستان دەكەن و لەبەیاننامەیەكیشدا هۆكارەكەی ئاشكرا دەكەن.

لە بەیاننامەیەدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" بەشێك لەزانایانی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنن "بڕیارە ئەمڕۆ 2ی 5ی 2018، لەپارێزگای هەڵەبجە كۆنفراسی شەشەمی یەكێتی زانایان بكرێت، بەڵام ئێمە بڕیارمانداوە بەشداری هەڵبژاردنەكە نەكەین، چونكە لەكۆی ۱٤۰ ئەندام ، زیاتر لە ۲٥ ئەندام بە ساختە دانراون و مەرجی ئەندام بونیان تێدا نییە".

لەبەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە "ماوەیەك پێش ئێستا ۲٥ كەس كراون بەئەندام و ئێستا لەهەڵبژاردندا بەشداری دەكەن، كە سەرجەمیان دوورو نزیك بەپێی پەیڕەو پڕۆگرامی ناوخۆی یەكێتی زانایانی ئاینی، مەرجی ئەندامبونیان تێدانییە و تەنها بۆ زیادكردنی دەنگ و هەڵبژاردن كراون بە ئەندام، كە سەرجەمیان بەتەزویرو ساختە بووەو سەر بە مەكتەبی زانایانی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستانن".

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتوە: پێمان وایە كۆنفرانسەكە شەرعیەتی نییە و تەزویرو غەش لەئیسلامداجێگەی نابێتەوە، چ جای ئەوەی لەناوخودی زانایاندا بێت.

لەكۆتایی بەیاننامەكەدا، ئەوەشخراوەتەڕوو: بۆئەوەی برایەتی زانایان وەك خۆی بمێنێتەوە و شتی نەخوازراو ناخۆش ڕوونەدات، بەشداری كۆنفرانسەكە ناكەین و سڕینەوەی لایەنێك و بەشێك لەزانایانی ئاینی بەرپرسیاریەتی لەئەستۆی لایەنی پەیوەندیدارە.



PM:05:44:02/05/2018