قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماری لیژنە هاوبەشەكان بڵاودەكاتەوە

قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، مانگی رابردوو دوو هەزار و 958 سەردانیان بۆ شوێنە گشتییەكان ئەنجام داوە و كۆی گشتی پارەی غەرامەكراویش 19‌ ملیۆن و 465 هەزار دیناربووە.

بەپێی ئامارێکی مانگانەی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی  کە وێنەیەکی دەست "سپی"، کەوتووە، لە بەرواری 1/4 تاوەكو 1/5/2018 لیژنەكان (2.958) سەردانیان بۆ شوێنە گشتییەكان ئەنجام داوە، لە كۆی ئەو سەردانانەشیاندا، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییە تەندروستی و ڤیترنەرییەكانەوە (623) شوێن ئاگاداركراونەتەوە كە پابەندی مەرج و رێنماییەكان بن و بەهۆی سەرپێچیشەوە (26) شوێن داخراون  (210) شوێنیش سزای ماددی دراون.

لە ئامارەكەدا هاتووە، لەماوەی یەك مانگدا بڕی (57) تۆن و شەش سەد و شەست و چوار كیلۆگرام مەوادو خۆراكی ماوەبەسەرچوو لە ناوبراون، و كۆی گشتی پارەی غەرامەكراویش بریتییە لە (19‌) ملیۆن و چوار سەدو شەست و پێنج هەزار دینار و پێی  یاسا دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی.

بە پێی رێنماییەكانی لیژنە هاوبەشەكان هەرشویێنێك پابەند نەبێت، سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە، دواتر سزای ماددی دەدرێت، و لە حاڵەتی دووبارەكردنەوەی سەرپێچیەكانیشدا رووبەرووی دادگا دەكرێنەوە.


PM:05:32:06/05/2018