پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکەوە لەسەر ڕێگای کەلار – خانەقین، هەشت خوێندکار برینداربوون و برینی یەکێکیان سەختە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای کەلار + خانەقین و نزیک گوندی سەوزبڵاغ ئۆتۆمبێلێک لە جۆری مینی پاس وەرگەڕا کە خوێندکارانی زانکۆی خانەقینی دەگواستەوە.
ئەوەشی وتووە، لەئەنجامدا شۆفێر و هەشت خوێندکار برینداربوون و بریندارەکان دانیشتووی هەریەکە لە سەیدسادق و پێنجوێن و کەلاریان تێدایە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەئێستادا چارەسەری پێویست لە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار بۆ بریندارەکان دەکرێت و یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە .