لەسەر ئەنجامی دەنگدانی تایبەت کۆمیسیۆن ڕوونکردنەوە دەدات

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئەو ئەنجامە بەراییانەی دەنگدانی تایبەت رەتدەكاتەوە، كە لەمیدیاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكراونەتەوە و دەڵێت "هەردوو ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و گشتی بەیەكەوە بڵاودەكرێنەوە".

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، لە راگەیاندراوێكدا، جەختی لەوە كردۆتەوە كە هەموو ئەو ئەنجامە بەراییانەی لە میدیاكانەوە بڵاوكراونەتەوە لەبارەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت، راست نییەو پشتیان بە ئاماری فەرمی كۆمسیۆن نەبەستووە.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاشكراشیكردووە، ئەنجامی دەنگدانی تایبەت، لەدوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی، بەیەكەوە بڵاودەكرێنەوە، كە سبەێنی 12ی 5ی 2018 لەسەرانسەری عیراق بەڕێوەدەچێت.

دوێنێ 10ی 5، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو، دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەكەش لەكاتژمێر 6ی ئێوارە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرایكرد، رێژەی بەشداریكردن لەو پرۆسەیە 78.74% بووە.



PM:06:27:11/05/2018