وەزارەتی ڕۆشنبیری لەبارەی پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکانەوە هاتە دەنگ

بەڕێوەبەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم ڕایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکدا بۆ پەخشکردنی کەناڵە ناوخۆییەکان نەکردووە.

محەمەد گەردی ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی "ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکدا نەکردووە و کۆمپانیاکان خۆیان دەتوانن کێبڕکێ بکەن بۆ پەخشکردنی کەناڵەکان لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا."

ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر کۆمپانیای میکس میدیا بە نرخێکی گران ئامێرەکانی دەفرۆشت و پەخشەکەیان لە سنوری هەولێر و سلێمانی ڕاگرتووە، بەڵام کۆمپانیای ناوبراو نرخەکەی دابەزاندووە و لەلایەن وەزارەتەوە ڕێپێدراوە.

هەروەها وتیشی، مەرجیان بۆ داناوە کە دەبێت ساڵانە لە بەرامبەر فریکوێنسییەکاندا بڕێک پارە بدات.

ئەوەش لەکاتێدایە کە هاوڵاتیانی ئێستا بۆ بینینی پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان دەبێت ئامێرێکی میکس میدیا بە ٣٩ هەزار دینار بکڕن و ساڵانەش بۆ نوێکردنەوەی ٣٦ هەزار دیناری دەوێت.



PM:01:15:05/06/2018