یەڵدرم: تورکیا ٣٠ کیلۆمەتر چووەتە خاکی باکوری عێراقەوە

سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕایگەیاند، سوپای تورکیا ٣٠ کیلۆمەتر چووەتە خاکی "باکوری عێراق"ەوە بۆ بەئامانج گرتنی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە".

بینالی یەڵدرم ڕایگەیاند ئێستا سوپای تورکیا لە قەندیل شەڕی پەکەکە دەکات، لە پێشڕەوی بەردەوامە و تەواوی ئەگەرەکانیش لەبەردەمیان کراوەیە.

هەر بە وتەی یەڵدرم، بوونی دوورمەودای تورکیا لە عێراق بۆ ئەنقەرە گرنگە و ئەوە سەروەری خاکی عێراق پێشێل ناکات، ئەوان هەمیشە گرنگییان بە یەکپارچەیی خاکی عێراق داوە.

هەروەها  سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند، ناوچە سنوورییەکان لە بەری ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە بە درێژایی ٣٥٠ کیلۆمەتر تا دەگاتە شنگال پێویستە "لە تیرۆر پاکبکرێنەوە"، بەو هێزە کوردیانەشەوە کە لەگەڵ داعشدا دەجەنگێن.

وتیشی، تەواوی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی هێزە کوردییەکان لە ئەمریکا وەریانگرتووە، پێویستە بیانگەڕێننەوە.

ئەم وتانەی بینالی یەڵدرم لەکاتێکدایە، لە شەوی ڕابردووەوە فڕۆکە و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا بۆردومانەکانیان لە سنوورەکانی ئامێدی و چیای خوا کوڕک و چەند ناوچەیەکی تر دەستپێکردووە.



PM:06:13:08/06/2018