ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەسەر زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن هاتە دەنگ

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەسەر روداوەکانی کوشتن راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو تەئکیدی لەوە کردەوە کە بەوردی بەدواداچون بۆ ئەو روداوانە دەکەن و هەموو رێکارێک دەگرنەبەر بەمەبەستی بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردوەتەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی ئامارەکان ماوەیەکە ڕێژەی تاوان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانی هاووڵاتیان.

ئەوەش هاتووە، "ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوانەش وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکان و گشت دامەزراوەکانی سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، دەستی بە جێبەجێکردنی ڕێکارە پێویستەکان کردووە بۆئەوەی بە توندی ڕووبەڕووی سەرپێچیکەران و تاوانباران ببنەوە."

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم  ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە بە وردی بەدواداچوون دەکەن بۆ هەموو ئەو ڕێکارانە بەمەبەستی بنەبڕکردنی ئەو دیاردە دزێوە و هیوادارن هاووڵاتییان لەم پێناوەدا هاوکاری دامودەزگاکان بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا لە شاری ھەولێر لە چەندین ڕووداوی کوشتن و برینداربوون رویانداوەو بەڕێوبەری پۆلیسی ھەولێریش ھۆکاری ڕووداوەکانى گەڕاندەوە بۆ دیاردەی چەکھەڵگرتن لەناو خەڵکدا.

 


PM:07:49:24/06/2018