وەزارەتى پەروەردە ئاگادارییەک لەبارەی وەرگرتنی قوتابیان لە قوتابخانە ئەهلییەکانی سابیس بڵاودەکاتەوە

وەزارەتى پەروەردە رایگەیاند، ڕۆژی ٦ی مانگى داهاتوو لیستى ئەو قوتابیانە بڵاو دەکاتەوە کە لە قوتابخانە ئەهلییەکانی سابیس وەرگیراون.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە تیایدا وەزارەتى پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە، "هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، هەر لیست و ناوێکی قوتابیانى وەرگیراو لە قوتابخانە هاوبەشەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاى سابیس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرابێتەوە و بکرێتەوە، ئێمە وەک وەزارەتى پەروەردە لێى بەرپرس نین".

ڕاشیگەیاندووە، "لیژنەى سەرپەرشتیکردنى تیروپشکى وەرگرتنى قوتابی لەو قوتابخانانە بە شێوەى فەرمى و پاش تاوتوێ و هەڵسەنگاندن و وردبینى تەواو، لە ڕێکەوتى (٦/٩/٢٠١٨) دوا لیست ئاشکرا و بڵاو دەکاتەوە، بۆئەوەی پڕۆسەکە بەوپەڕى دادپەروەرى کۆتایی بێت".

ساڵانە لەکاتی وەرگرتنی قوتابیاندا وەزارەتی پەروەردە تیروپشک دەکات بۆ وەرگرتنى کۆمەڵێک قوتابی لەسەرتاسەری هەرێم لە قوتانخانە ئەهلییە هاوبەشەکانى سابیس لە هەرێم.


PM:12:28:28/08/2018