کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە کراوەی بۆ سبەینێ دواخرا

کۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سبه‌ینێ سێشەممە ٤ی ئەیلولی ٢٠١٨ دواخرا.

ئه‌مڕۆ دوشەممە یه‌كه‌مین دانیشتنی په‌رله‌مانی نوێی عێراق بەڕێوەچوو، لەو دانیشتنەدا ئه‌ندامانی خولی نوێی پەرلەمان تەنها سوێندی یاساییان خوارد و هیچ پرسێكی تر یه‌كلایی نه‌كرایه‌وه‌و دانیشتنەکەش بۆ کاتژمێر 11:00ی سبەینێ سێشەممە دواخرا.

 جێی ئاماژەیە لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق کە ئەمڕۆ بەروەچوو، دوای وتاری سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق سەرپەرشتیکردنی دانیشتنەکە ڕادەستی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولەکە کرا، دواتر پەرلەمانتاران بە پێی دەستور سوێندی یاساییان خوارد.

لەدوای سوێند خواردنەکەش پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی فەتح، دەوڵەتی یاسا وپەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی دانیشتنی پەرلەمانیان بەجێهێشت و محەممەد عەلی زەینی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان، بەمەبەستی گفتوگۆکردنی زیاتر دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێرێک دواخست.

هاوکات هاوپەیمانی چاکسازی و بنیادنان لە کۆنفرانسێکدا لە بینای پەرلەمان ڕایگەیاند، بە ١٨٠ پەرلەمانتارەوە ئێمە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانین و مافی ئەوەمان هەیە حکومەتى نوێی عێراق پێکبهێنین.

ئەمەش لە دواى ئەوە هات هاوپەیمانی چاکسازی و بنیادنان لەلایەن سەرۆکى یەکەم دانیشتنى پەرلەمانەوە وەک گەورەترین فراکسیۆن تۆمارکرا و دواتریش دانیشتنەکەى پەرلەمان بۆ ماوەى کاتژمێرێک دواخرا بۆ ئەوەى ڕای دادگای فیدراڵی لەسەر چۆنیەتی دیاریکردنى گەورەترین فراکسیۆن.

 لە ئێستاشدا دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کراوەیی بۆ کاتژمێر 11:00ی سبەینێ سێشەممە دواخراوە.





PM:04:43:03/09/2018