دوای ئەوەی ئەمشەو كۆنسوڵگەی ئێران لە بەسرە لەلایەن خۆپێشاندەرانی ناڕازی شارەكەوە سوتێندرا، حكوومەتی ئێران دەروازەی سنووری شەلامچەی لە سنووری پارێزگای بەسرە بەسەر عێراقدا داخست، كە بەگرنگترین دەروازەی سنووریی نێوان ئێران و عێراق دادەندرێت.
هەر ئەمشەو پاش ئەوەی خۆپێشاندەرانی ناڕازیی بەسرە كۆنسوڵگەی ئێرانیان لە شارەكە سوتاند، بەرپرسێكی كۆنسوڵگەكە داوای لە حكوومەتی عێراق كرد بەرپرسیارییەتی ئاسایش هەڵبگرێت، سوتاندنی كۆنسوڵگەكەشیان بەكارێكی دڕندانە و بێ رەوشتانە وەسف كرد.
بەرپرسی راگەیاندنی كۆنسوڵگەی ئێران لە بەسرە بەئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ی فەرمیی ئێرانی راگەیاندبوو "سوتاندنی كۆنسوڵگەكەمان لەلایەن خۆپێشاندەرانی نارازیەوە، كارێكی وەحشی و دڕندانە و دوور لە رەوشت بوو".
هەروەها ئاماژەی بەوە دابوو كە كۆنسوڵگەكەیان بەتەواوی سوتێندراوە، بەتوندیش رەخنەی گرتووە لەوەی كۆنسوڵگەی ئێران چ پەیوەندییەكی بەرووداوەكانی عێراقەوە هەیە، تا بیسوتێنن.
وتەبێژەكە رەتی كردبووەوە هیچ لایەنێك خەتابار بكات بەسوتاندنی كۆنسوڵگەكەیان.
سوتاندنی كۆنسوڵگەی ئێران لە بەسرە دوای ئەوە دێت لە چەند شەوی رابردوودا چەندین بارەگای حكومی و حزبی و میلیشیا چەكدارەكانی بەسرە لەلایەن هاووڵاتیانی ناڕازیی شارەكەوە سوتێندرابوون.