یەکەم گرفتی دەنگدانی تایبەت ئاشکرا بوو

کاتژمێر هەشتی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و یەکێک لە گرفتەکانی دەنگدانیش ئەوەیە هەندێک کەس لەشارەکەی خۆیدا ناوی نەهاتووەتەوە.

پەیامنێری سپی ڕایگەیاند کە ئەوەی لە کاتژمێری سەرەتای دەنگدانی تایبەتدا دەردەکەوێت تەنها یەک گرفت هەیە کە ئەویش ئەوەیە بەشێک لە دەنگدەران لە شاری خۆیان ناویان نەهاتووەتەوە.

وتیشی بۆ نمونە هەندێک لە دەنگدەرانی تایبەت کە خەڵکی شاری هەولێرن هاتوونەتە سلێمانی بۆ دەنگدان و بە پێچەوانەشەوە ڕوویداوە.


کاتژمێر ٨ى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ هەینی دەرگاى بنکەکانى دەنگدانى تایبەت لە هەرێمى کوردستان
کرانەوەو تا کاتژمێر شەشی ئێوارە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.

بەپێى ئامارى کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسى هەرێم، ١٧٠ هەزار و ٤٦٩ کەس لە هەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستاندا مافى دەنگدانی تایبەتیان هەیە کە دابەشکراون بەسەر ٩٩ بنکەى دەنگداندا.

زۆرترینى ئەو کەسانەى کە مافى دەنگدانی تایبەتیان هەیە لە پارێزگاى هەولێردان، کە ژمارەیان ٧٢ هەزار و ٦٥٣ کەسن، لەدواى ئەویش پارێزگاى سلێمانى دێت کە ژمارەیان ٦٢ هەزار و ٢٢٠ کەسن.

لە پارێزگاى دهۆکیش ٣٣ هەزار و ٤٢١ کەس مافى دەنگدانیان هەیە و کەمترین ڕێژەى دەنگدەرانى تایبەتیش کەوتووەتە پارێزگاى هەڵەبجەوە کە دوو هەزار و ١٧٥ کەسن.

شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆن ئاماژەی بەوە كرد ، ئەوان ئامادەكاریی تەواویان كردووە و هەر كەسێكیش لە یەكی هەشت بەدواوە بەڵگەنامەكانی دەنگدانی دەرهێنابێت ناتوانێت دەنگ بدات، ئەوەش وەك ڕێگرییەك لە ئەنجامدانی ساختەكار.

كۆمسیۆن جەخت لەوە دەكەنەوە كە بە هیچ شێوەیەک کاتی دەنگدان درێژناکرێتەوە و کاتژمێر ٦ی ئێوارەش سەرجەم وێستگەکان دادەخرێن.

هاوکات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆكی كۆمسیۆن باسی لەوە كرد کە تا ئێستا ٢٢ رێکخراوی نێودەوڵەتیی خۆیان بۆ چاودێرییکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.

هەر دوێنێش کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێم ڕێکارى وێنەگرتنى دەنگدەری لە ڕۆژى دەنگداندا هەڵوەشاندەوە.

 



AM:08:09:28/09/2018