وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ئاشکراکرا

ئەمڕۆ ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی رایگەیاند کە وادەی ئاشکراکردنی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت پێش دەخات کاتەکەی ئاشکرادەکرێت.

دڵشاد نامیق فەرەج، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەڵەبجەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی رایگەیاند "پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و تائێستا ھیچ گرفتێک نییە".

وتیشی "ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستی دەنگدانی تایبەت نییە، ئەگەر ھەیە ناوەکانیان لە لیستی دەنگدانی گشتی ھەبێت و دەتوانن رۆژی یەکشەممە لەگەڵ دەنگدەرانی گشتی دەنگ بدەن، بەڵام ئەگەر ناویان لەھیچ کام لەو دوو لیستە نەبێت، خۆیان بەرپرسیارن لە فەوتانی مافی دەنگدانیان، چونکە ٤٠ رۆژ ماوە لەبەردەمیان ھەبوو بۆ سەردانیکردنی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران".

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن ئاشکراشیکرد، بەپێچەوانەی ھەڵبژاردنەکانی رابردوو کە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لەدوای دەنگدانی گشتی ئاشکرا دەکرا، لەو پرۆسەیە پێشخراوە و ئەمڕۆ لەدوای کۆتایی ھاتنی ماوەی دەنگدانی تایبەت، پرۆسەی جیاکردنەوەو ژماردنەوەی دەنگەکان و دابەشکردنی بەسەر قەوارە سیاسییەکان، لەناو وێستگەکاندا ئەنجامدەدرێت و ئەنجامە سەرەتاییەکانیش رادەگەیەنرێت، فۆڕمی ئەنجامەکەش بەسەر نوێنەری قەوارەکان دابەشدەکرێت.

دڵشاد نامیق، جەختی لەوەشکردەوە کە ھیچ کاندیدێک بۆی نییە بچێتە بنکەکانی دەنگدان، بەڵکو تەنھا بۆیان ھەیە بچنە ئەو بنکەیەی کە لەوێ دەنگ دەدەن، وتیشی "ھەموو بانگەشەیەکی ھەڵبژاردن لەنزیک بنکەکانی دەنگدان قەدەغەیە".

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن وتیشی "چاودێری قەوارە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنی و نێودەوڵەتییەکان، لە بنکەکاندا ئامادەبوونیان ھەیە و چاودێری پرۆسەکە دەکەن".



PM:02:44:28/09/2018