هێمن هەورامی: دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە لەگەڵ هەموو لیستە براوەکان

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە لەگەڵ هەموو لیستە براوەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و هێڵی سووریشمان لەسەر هیچ لایەنێک نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی یەکەم، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامانی ئەو حیزبە ژمارەیەک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان ئاهەنگێکیان لە هەولێر سازکرد.

لە میانی ئەو ئاهەنگەدا هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، "پێش هەموو شتێک سەرکەوتنی پرۆسەکە لەلای ئێمە گرنگ بوو، بونیادنانی کوردستانێکی بەهێز درووشمی ئێمەبوو، بۆیە پارتی مەغروور نییە لەو سەرکەوتنە گەورەیەی بەدەستیهێناوە".

هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە مەغروورنین بەو سەرکەوتنەی پارتی بەدەستیهێناوە، دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە لەگەڵ هەموو لیستە براوەکان، گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنێک دەکەین، خەتی سوورمان لەسەر هیچ لایەنێک نییە، پێمانخۆشە بە هەموومان چوارچێوەیەکی ستراتیژی دابنێین چۆن ئەم چوار ساڵەی ئاییندە، بونیادی کوردستانێکی بەهێز دابنێین".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی باسی لەوەشکردووە، "هەر لایەنێکی سیاسی بە پێیی ئیستحقاقی خۆی ئامادەبێت لەگەڵ پارتیدا شان بداتە بەر ئەو بەرپرسیاریێتیە هاوبەشە، ئەگەر ئەوان هەنگاوێک رووە و پارتی دیموکراتی کوردستان بێن، پارتی دوو هەنگاو رووە و ئەو لایەنانە دەچێت، بۆیە بەرپرسیارانە گفتوگۆ دەکەین".

 رۆژی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. تیایدا پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناو ئەومڕۆش بەو بۆنەیەوە کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئەو حزبە ئاهەنگێکیان سازکرد.



PM:09:44:07/10/2018