لە سلێمانی ئافرەتێکی پۆلیس دوو دز دەستگیردەکات و ئۆتۆمبیلە دزراوەکەش دەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی

ئافرەتێکی پۆلیس لە گەرەکی دەراوزەی شاری سلێمانی دوو دز دەستگیردەکات و دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبیلەشدا دەگرێت کە هاولآتییەکیان دزیووە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی، رایگەیاند" شەوی رابردوو لە گەرەکی ئیبراهیم ئەحمەد ئۆتۆبیلێکی جۆری BMW لەلایەن چەند کەسێکەوە دزراوە، ئەمڕۆ لە نزیک گەڕەکی دەروازە پۆلسێکی  ئافرەت ئۆتمبیلەکە دەناسێتەوەو لە رێگای تەقاندنی چەند دەسترێژێکەوە دوو دز دەستگیردەکات".

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وتیشی" ئەو ئافرەتە پۆلیسە توانیوویەتی دەست بەسەر ئۆتۆمبیلە دزراوەکەشدا بگرێت ".

ناوبراو وتی " ئەو ئۆتۆمبیلەی دزراوە موڵکی خزمێکی ئافرەتە پۆلیسەکە بووە، کە بینیوویەتی ناسیوویەتەوەو دەمودەست هێرشی کردۆتە سەر دزەکان و سێ کەسی دەستگیرکردووە، بەلآم بەو پێیەی یەکێکیان بێ تاوان بووە ئازادی کردووە".

وتەبێژی پۆلیس وتیشی " ئافرەتە پۆلیسەکە کە مفەوەزی پۆلیسە دوای ئەوەی دزەکانی دەستیگر دەکات پەیوەندی بە بنکەیەکی پۆلیسەوە دەکات و دەستبەجێ هێزێکی پۆلیس دەگەنە جێگاکەوە دزەکان دەگوازنەوە بۆ بەندیخانە".

ئەمە یەکەمجارە لە دوای راپەرینی سالێ ١٩٩١ ەوە لە باشووری کوردستان پۆلیسێکی ئافرەت چالاکییەکی لەو جۆرە ئەنجام بدات. 



PM:02:40:20/10/2018