زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەستپێكردنی خوێندی باڵای پیشەیی ڕاگەیاند

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەستپێكردنی خوێندی باڵای پیشەیی ڕاگەیاند كە بەهاوكاری زانكۆی قوبرسی نێودەوڵەتیی ئەنجام دەدرێت و چەندین پسپۆڕیی لەخۆدەگرێت.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دووپاتیكردەوە كە ئەنجومەنی زانكۆكەیان بڕیاریداوە ئەمساڵ؛ خوێندنی باڵای پیشەیی یەك ساڵە (دبلۆمی باڵا) بۆ خوێندنی پیشەیی و تەكنیكیی بكاتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەھەوڵەكانیاندا كە مەبەستیانە ئەم خوێندنە بەشێوازی نێودەوڵەتیی پێشكەش بەفێرخوازان بكەن. بەنمونە لە بوارەكانی كارگێڕیی و ژمێریارییدا بەهاوبەشیی لەگەڵ زانكۆی قوبرسی نێودەوڵەتیی لە هەرێمی قوبرس دەبێت، بەجۆرێك وەرزی یەكەم لەشاری سلێمانی دەخوێنن و وەرزی دووەم لەقوبرس دەخوێنن.

د.ئالان فەرەیدون ئەوەی خستەڕوو كە ئەو كەسانە دوو بڕوانامە وەردەگرن، یەكێكیان لە هەرێمی كوردستان و ئەوەی دیكە لە هەرێمی قوبرس دەبێت، بەڵام ئەگەر كەسێك توانای نەبێت، دەتوانێت هەر لە سلێمانی تەواوی بكات.

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ڕاشیگەیاند، بۆ هەر بەشێك ٢٠ خوێندكار وەردەگرن و كەسانی شارەزا وانەكان دەڵێنەوە. ماوەی خوێندنەكە تەنها یەك ساڵە و بڕی چوار ملیۆن دینار تێچووەكەیەتی.

سەبارەت بە بەشە نوێكان، د.ئالان فەرەیدون رایگەیاند، سەرجەم بوارەكانی ئایتی، تەكنیكی كارگێڕی، تەكنیكی پلانسازی شار، ژمێریاری، نەوت و وزە، تەكنیكی تەندروستی كۆمەڵ، پەرستاری و شیكاری نەخۆشییەكان، سەرچاوە سروشتییەكان، تەكنیكی میدیا و پەیوەندییە گشتییەكان و بازاڕگەری دەگرێتەوە.



PM:02:34:22/10/2018