وەزارەتی كارەبا داوادەكات گڵۆپی (LED) بەكاربھێندرێت

وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێم مەترسییەكی زۆر بەكارھێنانی ئامێرە كارەباییەكان ڕادەگەیەنێت داواشدەكات، "گڵۆپی (LED) بەكاربھێندرێت و لەكاتی خەوتن تەلەفزۆن و كۆمپیوتەرەكان بكوژێننەوە".

وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێم لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بابەتێكی بڵاوكردۆتەوەو ئاماژەی بەوەكردوە، "توێژینەوەیەكی زانستی پزیشكی پەیوەندی نێوان نەخۆشی شێرپەنچەو كارەبای ئاشكراكردوە".

وەكو وەزارەتی كارەبا ناوەڕۆكی توێژینەوەیەكی زانستی پزیشكی ئاشكراكردوەو جەختیكردۆتەوە، "كاریگەری خراپ ھەیە لەنێوان كارەباو نەخۆشی شێرپەنچەو بەكارھێنانی زۆری كارەباش دەبێتە ھۆی زیاد بەكارھێنانی مۆلیدەكان و وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا، بەمەش ژینگە پیسدەبێت و ئەو دوكەڵەی دەكەوێتەوە، ھۆكارێكە لەسەر خراپبونی تەندروستی".

جەختیشكراوەتەوە، "ھاوكات بەكارھێنانی زیاد لەپێویستی ئامێرەكانی كارەبا ھۆكارێكە بۆ دەرچونی تیشكی زیادەو كاریگەریی ڕاستەوخۆی خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت".

وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەشكردوە، "توێژینەوەكە داوایكردوە كارەبای زیاد لەپێویست لەناو ماڵەكاندا كەمبكرێتەوەو ئەو گڵۆپانە بەكاربھێنرێت كە ناسراوە بە(LED)و لەكاتی خەوتندا تەلەفزیۆن و كۆمپیوتەرەكان و لاپتۆپ بكوژێنەوە".



PM:02:34:23/10/2018