سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا ١٣ هەزار دۆسیەی گەندەڵییان لەبەردەستدایە و لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكەن.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشكرد، لێكۆڵینەوەی جددیی لەسەر پرسی گەندەڵی دەكەن و لەكاتی یەكلایی بوونەوەی هەر دۆسیەیەكدا رێكاری پێویست دەگرنەبەر و سزای گەندەڵكاران دەدەن.
باسی لەوەشكرد، رێگەنادات هیچ گەندەڵكارێك لەپاڵ بەرپرس و پۆستێكدا خۆی حەشاربدات و لە لێكۆڵینەوەكان هەڵبێت.
هەر لە كۆنفرانسەكەدا عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەشكرد، چاوەڕوانی پەرلەمانی عێراق دەكەن بۆ تەواوكردنی كابینە وەزارییەكە و دیاریكردنی كاتێك بۆ دەنگدان بەو هەشت كاندیدەی كە ماون.
رۆژی سێشەممە ٤ی كانونی یەكەمی ٢٠١٨ بڕیاربوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوكردنی كابینەی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی بەڕێوەبچێت، بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی و دروستبوونی شەڕی دەستەویەخە لە نێوان فراكسیۆنی سائیرون و سەرۆكایەتی پەرلەمان، دانیشتنەكە بۆ رۆژی پێنجشەمە ٦ی كانونی یەكەم دواخرا.